ئێران
لە زۆربەی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پلەی گەرما بۆ سەرووی 40 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پلەی گەرما لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرزبووەتەوە و گوتەبێژی حکومەتی ئێرانیش رایگەیاند، حکومەت بڕیاری داوە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە بکاتە پشوو.
عەلی بەهادۆری جەهرۆمی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران ئەمڕۆ (سێشەممە، 1-8-2023) گوتی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کابینەی حکومەتدا پێشنیازی وەزارەتی تەندروستی بۆ راگەیاندنی دوو رۆژ پشوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خرایە بەر باس و پەسند کرا.
بەهرام عەینوڵڵاهی، وەزیری تەندروستی ئێران، رۆژی دووشەممە ئاماژەی بە پێشبینیەکانی کەشناسی لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بۆ سەروو 40 پلەی سیلیزی لە زۆربەی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد و پێشنیازی کرد، لەبەر گەرما دوو رۆژی کۆتایی هەفتە بکرێنە پشوو.
هەر لەبارەی خۆپاراستن لە گەرمابردن، سەعید کەریمی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران بۆ کاروباری دەرمان رۆژی دووشەممە گوتی، "منداڵانی خوار 4 ساڵ و بەساڵاچووانی سەروو 65 ساڵ و ئەو کەسانەش کە نەخۆشیی دڵ، شەکرە و پەستانی خوێنیان هەیە، مەترسی گەرمابردووییان لەسەر دەبێت و هەربۆیە پێویستە ئاگاداری خۆیان بن."
سەعید کەریمی گوتیشی، لە چەند رۆژی داهاتوودا هەموو بنکە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی دەکرێت تووشی نەخۆشی و گەرمابردوویی ببن.
بۆ خۆپاراستن لە گەرمابردوویش، وەزارەتی تەندروستیی ئێران داوای لە خەڵک کردووە "لە شوێنی فێنکدا بمێننەوە و ئاو و شلەمەنیی زۆر بخۆنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ