رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی رێکخراوی رێگەوبان و گواستنەوەی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی رۆژانی نەورۆزدا تێکڕا رۆژانە 50 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە، کەچی لە رۆژانی ئاسایی ساڵدا رۆژانە 15 تاوەکو 20 کەس گیان لەدەستدەدەن.
رۆژی 31-03-2023 فەرهاد مێهرایاری، بەڕێوەبەری سەلامەتی و ترافیکی رێکخراوی رێگەوبان و گواستنەوەی رێگەکانی ئێران گوتی، "رێژەی رووداوەکانی هاتووچۆی نەورۆزی ئەمساڵ بەراورد لەگەڵ ساڵی پار 6% زیاتر بووە، بەشی زۆری رووداوەکانی هاتووچۆش لەسەر دەستی شۆفێرە گەنج و بێئەزموونەکان روودەدات."
بە گوتەی فەرهاد مێهریاری، 45%ی رووداوەکانی هاتووچۆ لە جۆری وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلە، هۆکاری زۆربەشیان ناستانداردیی ئۆتۆمبێلەکانە، بەشێکی دیکەی هۆکاری رووداوەکانی هاتووچۆ بۆ کێشەی تەکنیکیی ئۆتۆمبێلەکان دەگەڕێتەوە.
بەڕێوەبەری سەلامەتی و ترافیکی رێکخراوی رێگەوبان و گواستنەوەی رێگەکانی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، "رێگەوبانەکانیش کێشەیان هەیە، بەڵام لە ماوەی رۆژانی نەورۆزدا هاتووچۆی شۆفێرە بێئەزموونەکان زیاد دەکات و پەلەکردن و دابەزینی ئاستی هۆشیاری هۆکاری دیکەی رووداوەکانی هاتووچۆن."
بەپێی راپۆرتی پۆلیسی ئێران، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا 666 کەس لە رووداوەکانی هاتووچۆدا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا گیانیان لەدەستداوە.
کەمال هادیانفەر، سەرۆکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران باسی لەوە کردووە، بەپێی حەوتەمین پلانی پەرەپێدان، بڕیارە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا 50%ی گیانلەدەستدان بە رووداوەکانی هاتووچۆ کەم بکەنەوە و تاوەکو نەورۆزی داهاتووش هەوڵدەدەن 10% کەم ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ