رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی حوسییەکانی یەمەن رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە لە تۆڵەی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، حوسییەکان هێرشێکی درۆنییان لە دژی ئیسرائیل کردووە.
عەبدولعەزیز حەبتور، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی حوسییەکان گوتی: "ئەو درۆنانە موڵکی یەمەنن."
درۆنەکان ئاراستەی باشووری ئیسرائیل کرابوون.
حوسییەکان کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی بەرهەڵستکار"ی دژی ئیسرائیل دادەنێت. بەرپرسە حوسییەکە دەڵێت: "بە وشە و درۆن" شەڕی ئیسرائیل دەکەن.
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەو بارەیەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "هیچ هەڕەشە و مەترسییەک لەم ناوچەیەدا نییە."
ئیسرائیل حوسییەکان بە ئەنجامدانی هێرشێکی دیکەی درۆنی تۆمەتبار دەکات، کە رۆژی هەینی، فڕۆکەکانی بەرپەرچی درۆنێکیان دایەوە، کە بەرەو باشووری ئیسرائیل دەرۆیشت.
پاشماوەی درۆنەکە لە شاری تابای ناوچەی سینای میسر کەوتەخوارەوە و بووە هۆی برینداربوونی شەش هاووڵاتیی میسری بە سووکی.
هەروەها 19ی تشرینی یەکەم، هێزی دەریایی ئەمریکا ریاگەیاند، سێ مووشەک و ژمارەیەک درۆنی خستووەتە خوارەوە کە لە لایەن حوسییەکانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ