رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی هیومەن رایتس وۆچ (رێکخراوی چاودێریکردنی مافی مرۆڤ) رایگەیاند، منداڵانی غەززە لە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا "وەکو مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت." دەشڵێت، ئیسرائیل خەڵکی غەززەی "بە زۆرەملێ" ئاوارەی باشووری ئەو ناوچەیەی فەلەستین کردووە. گومانەکانی سەرۆکی ئەمریکاش لەبارەی راستی و دروستیی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە رەت دەکاتەوە.
بیڵ ڤان ئیسڤێلد، بەڕێوەبەری یاریدەدەر لە بەشی مافی منداڵانی رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ رۆژی یەکشەممە 29ی تشرینی یەکەم لە رێگەی سکایپەوە لە ئەسینای پایتەختی یۆنانەوە لە بەرنامەی نووڕۆژی رووداو بەشدار بوو، کە نالین حەسەن و فوئاد رەحیم پێشكێشیان کرد.
ئیسڤێڵد کە شەش ساڵی رابردوو چاودێریی مافی منداڵانی ئیسرائیل و فەلەستینی کردووە، گوتی، "مافی منداڵان لەم جەنگەدا بە تەواوی پێشێل کراوە، وەکو ئەوە وایە هیچ مافێکیان نەبێت، وەکو ئەوە وایە وەکو مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵدا نەکرێت."
ئەو بەرپرسەی هیومەن رایتس وۆچ ئاماژەی بەوەش کرد، دۆخی مرۆیی غەززە "تەنیا دەتوانرێت بە کابووس ناوببرێت،" لە کاتێکدا کە بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ناوچە فەلەستینییەکە، لە 7ی تشرینی یەکەمەوە زیاتر لە 8000 کەس کوژراون، کە نزیکەی 3200یان منداڵ بوون؛ هەروەها نزیکەی 20 هەزار کەس بریندار بوون و 1650 کەس بێسەروشوێنن.
"منداڵان نیوەی ئەو 1.4 ملیۆن کەسەی غەززە پێکدەهێنن کە بە زۆرەملێ ئاوارە کراون،" ئەمەش وەکو بەرپرسەکەی رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ باسی کرد.
ئیسڤێڵد هەروەها ئەوەی خستەڕوو، لە "پزیشک و نەخۆشخانەکانەوە" راپۆرتیان پێ دەگات کە دەرمان و چارەسەر لە غەززە نەماوە. گوتیشی، "یەکێک لە پزیشکەکانی غەززە پێی گوتین، نەبوونی دەرمان و ئامێری پزیشکی هێندە خراپە، بە جۆرێک کە، کاتێک دوو منداڵی برینداریان بۆ رۆیشتووە بۆئەوەی نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت، تەنیا یەک ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەبووە؛ بۆیە پێویست بووە" منداڵێک هەڵبژێرن بۆئەوەی نەشتەرگەری بۆ بکرێت و منداڵەکەی دیکەش گیانی لەدەستداوە.
پسپۆڕەکەی مافی منداڵان هەروەها روونیکردەوە، منداڵان نیوەی دانیشتووانی غەززە پێکدەهێنن، واتە 1.1 ملیۆن کەس لە کەرتی غەززە لە تەمەنی خوار 18 ساڵیدان و گوتیشی، "زۆریان جگە لە جەنگ و گەمارۆ، هیچیان نەبینیوە؛ 16 ساڵە دابڕێندراون، هیچ یەک لەم منداڵانە دەنگیان بە حەماس نەداوە،" کە 17 ساڵ لەمەوبەر بەڕێوەبردنی کەرتی غەززەی گرتەدەست، "هیچ لەو منداڵانە بەشداریی لە هێرشی سەر ئیسرائیلدا نەکردووە، کە بووە هۆی کوژرانی 1400" کەس لە ئۆردوگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە.
"راستترین ژمارە"
ئیسڤێڵد گومانەکانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی راست و دروستیی ئامارەکان تەندروستیی کەرتی غەززە رەتدەکاتەوە و ئەو ژمارانە بە "راستترین ژمارە" ناودەبات.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا 25ی تشرینی یەکەم گوتی، ئەو "هیچ متمانە"ی بەو ئامارانە نییە کە حەماس بڵاویان دەکاتەوە.
بایدن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئەوەی ئەوان پێم دەڵێن، هیچ هەستێکم نییە کە فەلەستینییەکان راستی بڵێن لەبارەی ئەوەی کە چەند کەس کوژراون. دڵنیام خەڵکی بێتاوان کوژراون و ئەوە باجی هەڵگیرسانی جەنگە."
رۆژی دواتر، حەماس لیستێکی بە ناو، رەگەز، تەمەن و ژمارەی ناسنامەی 6747 کەسەوە بڵاوکردەوە.
ئیسڤێڵد لەوبارەیەوە بە رووداوی گوت، "ئەمانە ئەو ژمارانەن کە هەمیشە بەکارهێندراون، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەکارهێندراون، لەلایەن ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانەوە بەکارهێندراون، بۆ ماوەی چەندین دەیە. بۆیە بەڵێ، ئەوانە راستترین ژمارەن کە ئێمە ئاگاداربین و پشت بە داتای نەخۆشخانەکان دەبەستن."
"ئاوارەکردنی زۆرەملێ"
ئەو بەرپرسەی رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ، ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی خەڵکی باکووری کەرتی غەززەی خستووەتە "ژێر گوشارێکی گەورە بۆ ئەوەی ماڵەکانیان جێبێڵن،" لە کاتێکدا کە لە ژێر گەمارۆی خۆراک، ئاو، کارەبا و سووتەمەنیدان و "هەندێکیان رۆژانە کەمتر لە نیو لیتر ئاوی خواردنەوەیان دەستدەکەوێت."
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی شەممە 28ی تشرینی یەکەم، سوپای ئیسرائیل چەندین نامیلکەی هۆشداری بە غەززەدا بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لەوە دەکات، "پەناگەکانی باکووری غەززە و شاری غەززە سەلامەت نین" و پێویستە خەڵک "دەستبەجێ" بەرەو باشوور بڕۆن.
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئیسرائیل دووبارە داوا لە خەڵکی غەززە دەکات بڕۆنە باشوور.
هەگاری گوتی، "ئەوان دەتوانن ئاو، خۆراک و دەرمان" لەوێ بەدەستبێنن و لە رۆژی یەکشەممەوە "هەوڵە مرۆییەکان بۆ گەیاندنی یارمەتی بە غەززە، بە سەرکردایەتی میسر و ئەمریکا، فراوان دەکرێن."
بەڵام ئیسڤێڵد دەپرسێت، "ئەوە کام شوێنە کە سەلامەتە و دەبێ بۆی بڕۆن؟" چونکە "راپۆرتی زۆر بەهێزمان پێگەیشتووە کە هەندێ لەو خەڵکەی هەوڵیانداوە بڕۆنە باشوور، بە رێگەوە بۆردوومانکراون."
"ئیسرائیل خەڵکی سڤیل وەک قەڵخانی مرۆیی بەکاردێنێت"
ئیسڤێڵد هەروەها باس لەوە دەکات کە "زۆر راپۆرت هەن باس لەوە دەکەن چەندین خێزان بە تەواوی لە ماڵەکانیاندا لەنێوبراون دوای ئەوەی کە خانووەکانیان بۆردوومانکراون بێ ئەوەی پێشوەخت ئاگاداربکرێنەوە."
ئیسرائیل حەماس تۆماتباردەکات بەوەی کە خەڵکی سڤیل وەک قەڵخانی مرۆیی بەکاردێنێت و رێگەیان پێ نادات بەرەو باشوور بڕۆن؛ بەڵام بەرپرسەکەی رێکخراوی چاودێریکردنی مافی مرۆڤ رەتیدەکاتەوە "راپۆرتی پشتڕاستکراو" لەو بارەیەوە هەبێت.
ئیسڤێڵد بە رووداوی گوت، "ئێمە هیچ راپۆرتێکمان پشتڕاستنەکردووەتەوە کە پێشانی بدات رێگری لە خەڵک کراوە" لە باکووری کەرتی غەززەوە بڕۆن بۆ باشوور، روونیشیکردەوە کە "ئەمە بە واتەی ئەوە نایەت کە رووینەدابێت، بەڵام هیچ راپۆرتێکمان پشتڕاستنەکردووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ