رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
وێرانبوونی ناوچەیەکی باکووری غەززە دوای هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل لە 27-10-2024، وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
ویلیەم بێرنز، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) و دەیڤد بەرنیاع، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی ئیسرائیل (مۆساد) لە قەتەرن بۆ ئەوەی لەگەڵ شێخ محەممەد ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر گفتوگۆ لەسەر ئاگربەستی غەززە بکەن.
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشنیازی کردووە ئاگربەستێکی دوو رۆژە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس رابگەیێندرێت و لەو ماوەیەدا چوار بارمتەی ئیسرائیلی لە غەززە ئازادبکرێن.
حەماس و ئیسرائیل هێشتا هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەو پێشنیازە رووننەکردووەتەوە.
ئاگربەستی لوبنان و جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە 1701ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێکی دیکەیە لەو بابەتانەی لەسەر مێزی دانوستاندنی سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر دەبێت.
پێش ئەم دانوستاندنانە، رۆژی هەینی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لەگەڵ نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری لوبنان کۆبووەوە.
دوو هەوڵی ئاگربەستەکە، واتە ئەوانەی قەتەر و میسر، لە یەکدی جیان، وێڕای ئەوەی لە یەک چوارچێوەدا قسەیان لەسەر دەکرێت.
چەندین گەڕی گفتوگۆ لەسەر ئاگربەستی کاتی لە غەززە، چەقیان بەستووە.
مەرجی حەماس بۆ رازیبوون بە ئاگربەست، کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیلە لە کەرتی غەززە، بەڵام بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، تاوەکو حەماس بە تەواوی لەنێونەبەن، غەززە جێناهێڵن.
تاوەکو ئێستا تەنیا یەک جار ئاگربەست راگەیێندراوە کە ئەویش لە تشرینی دووەمی پار بوو.
ئەو پێشنیازەی سیسی پێشکێشی کردووە، ئازادکردنی ژمارەیەک بەندکراوی فەلەستینیش لە بەرامبەر چوار بارمتە ئیسرائیلییەکە لەخۆدەگرێت.
یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە لە بۆنەیەکی تایبەت بە یادکردنەوەی کوژراوانی 7ـی ئۆکتۆبەر، گوتی "ناتوانرێت هەموو ئامانجەکان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەدەستبهێنرێن، پێویستە هەندێ سازشی ناخۆش بکرێن بۆ ئەوەی بارمتەکان بگەڕێنرێنەوە."
لە هەمان بۆنەدا، خۆپێشاندەران بە هاوارکردنی "شەرمەزاری بۆ تۆ" گوتاری نەتەنیاهوویان پێ بڕی.
زۆر لە ئیسرائیلییەکان نەتەنیاهوو بە بەرپرس دەزانن لە بەرامبەر هێرشەکەی حەماس و نەگەڕاندنەوەی بارمتەکان.
لە باکووری غەززە، ئەمڕۆ بەرپرسانی فەلەستینی رایانگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا بوونەتە هۆی کوژرانی 33 کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
ئەنتۆیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، دۆخی فەلەستینییەکان لە باکووری غەززە "لەتوانابەدەرە" و ئاژانسەکانی دیکە دەڵێن، ئەو ناوچەیە لە ژێر گەمارۆی سەختی ئیسرائیلدا رووبەڕووی کارەساتی مرۆیی دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ