رووداو دیجیتاڵ
ریهاب فاعور، ژنێکی 33 ساڵەی لوبنانییە. لە ساڵی پارەوە، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل و مووشەکەکانەوە لانیکەم چوارجار لەگەڵ هاوژین و دوو منداڵەکەی ئاوارە بوون. لە کۆتاییەکی تراژیدیدا، لە خێزانێکی چوار کەسی، سێ کەسیان کوژران.
دەستپێک
گەشتی ئاوارەبوونەکانی ریهاب لە ئۆکتۆبەری 2023 دەستی پێکرد کاتێک جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و حەماس لە غەززە هەڵگیرسا. حیزبوڵڵای لوبنان وەکو پاڵپشتییەک بۆ حەماس، بەشێوەیەکی سنووردار چووە نێو جەنگەکە و بە مووشەک هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل.
لە وەڵامدا، ئیسرائیلیش بە مووشەک و بۆردوومان هێرشی کردە سەر باشووری لوبنان.
ئەو گوندەی ریهابی لێ دەژیا، لە بۆردوومانەکان زۆر نزیک بوو. هەرچەندە ریهاب و سەعیدی هاوژینی لە کۆمپانیایەکی ئاودا کاریان دەکرد، بڕیاریاندا لەگەڵ تیا و نایای کچیان روو لە ناوچەی (زاحیە) بکەن لە باشووری بەیرووت، کە ماڵی دایکی ریهابی لێبوو.
قوتابخانە
لە باشووری بەیرووت ماوەیەک ژیان ئاسایی بوو، تیا و نایا بیری هاوڕێکانیان دەکرد، بیری نووستن لە جێخەوەکانیان دەکرد و دەیانویست بچنەوە لای ئەو بووکەڵە و یارییانەی لە ماڵەکەیان لە باشووری لوبنان بەجێیان هێشتبوو.
گەورەترین زیان، تاوەکو ئەو کاتە، بەر خێزانەکە کەوتبێت، نەچوونە قوتابخانەی تیا و نایا بوو؛ بەڵام دواتر بە خوێندنی ئۆنڵاین توانیان قەرەبووی بکەنەوە. لە مانگی ئابی ئەم ساڵیش، ریهاب دوو کچەکەی لە قوتابخانەیەکی بەیرووت تۆمارکرد و جلوبەرگی نوێی قوتابخانەی بۆ کڕین.
هێشتا یەکەم رۆژی قوتابخانە دەستیپێنەکردبوو، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان و بەیرووت چڕکردەوە و بە تایبەت هێرشی دەکردە سەر زاحیە. لە هێرشێک کە حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵا کوژرا؛ ئیسرائیل مووشەکی (حەشارگەشکێن)ـی بەکارهێنا، کە دەتوانێت یەک باڵاخانەی نیشتەجێبوون بە تەواوی تەختی زەوی بکات.
لە بەشێکی هێرشەکان، ئیسرائیل چەند مووشەکێکی لەو جۆرەی بەیەکجار دەتەقاند، کە هەندێکجار دەبووە هۆی وێرانکردنی چەند کۆڵانێک بەیەکەوە.
ئاوارەبوون
ریهاب و خێزانەکەی کەلوپەلەکانیان کۆکردنەوە و بۆ دووەمجار ئاوارە بوون، ئەوجارە خانوویەکیان لە گەڕەکێکی بەیرووت بەکرێ گرت کە پێیدەگوترێت (جناح). ئیسرائیل هێرشی کردە سەر گەڕەکی جناح، خێزانی فاعور بۆ سێیەمجار ماڵەکەیان بەجێهێشت و روویان لە ماڵی خەزووری ریهاب کرد لە گەڕەکی بەربوور. لەو خانووەی بەربوور، 17 کەس لە یەک خانوو دەژیان.
تیای 9 ساڵ و نایای 7 ساڵ دڵیان خۆشبوو، چونکە شەو و رۆژ لەگەڵ کچ و کوڕە پوور و مامەکانیان بوون. تەنانەت دوای ئەوەی دایک و باوکیان شوقەیەکیان لە گەڕەکی بەستە بەکرێ گرت، کچەکان نەیانویست بڕۆن.
لەباسی ئەو دۆخە ریهاب گوتی: "نایا دەپاڕایەوە دەیگوت با لەگەڵ ئەوان بین، پێمان گوت دەچین شەوێک لەوێ دەبین و دێینەوە، بەڵام هەر رازی نەدەبوون." دواتر بەهەر جۆرێک بێت، منداڵەکان قایلکران بچن لە شوقە تازەکەیان لە نێوەڕاستی بەیرووت بمێننەوە.
لە ساڵی 2006 لە جەنگی یەک مانگەی نێوان لوبنان و ئیسرائیل، هێرشەکانی ئیسرائیل پەرش و بڵاو نەبوون؛ زیاتر سەرنجیان لەسەر باشووری لوبنان، باشووری بەیرووت و چەند ئامانجێکی ژێرخانەکان بوون. ئەمجارە چیرۆکەکە جیاوازبوو، ئیسرائیل لە کوێ هەستی بە جموجۆڵی حیزبوڵڵا کردبا، بۆردوومانی دەکرد. ئەمەش وایکرد، هیچ شوێنێکی سەلامەت نەمێنێتەوە، تەنانەت نێوەڕاستی بەیرووتیش.
درۆنەکانی بەر پەنجەرە
سەعید و ریهاب لەگەڵ دوو کچەکەیان لە شوقەکەی گەڕەکی بەستە گیرسانەوە، ژیان وردە وردە خەریکبوو رێڕەوی خۆی دەگرتەبەر. جارجار درۆنی ئیسرائیلی لەبەر پەنجەرە و سەر خانووەکان دەهات و دەچوو، بەڵام ئەوان لەگەڵ دەنگ و رەنگی درۆنەکان راهاتبوون و زۆر گرنگیان پێنەدەدا.
دوایین یادگاری
ریهاب بە فرمێسکەوە گوتی: "خواردن و شیرینییەکانم لەسەر مێز دانا، دانیشتین نان بخۆین، زۆریش پێکەنین. تەواو، ئەوە دوایین یادگاریی منە لەگەڵ ئەوان." ئەوەی ریهاب باسی کرد، لەدەستدانی سەعید و دوو کچەکەی بوو، بەڵام چۆن؟
دەورووبەری کاژێر 8:00ـی ئێوارە لە 10-10-2024 مووشەکێکی جۆری (جەیدام)ـی ئەمریکی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بە ئاراستەی شوقەکەی ماڵی ریهاب و کۆڵانەکەیان تەقێنرا. مووشەکەکە سێ قاتی باڵاخانەکەی تەختکرد. لە هێرشەکەی ئەو رۆژی ئیسرائیلدا، 22 ژن، پیاو و منداڵ کوژران. هێرشەکە خوێناویترین هێرشی نێوەڕاستی بەیرووت بوو.
پێش هێرشەکە، سوپای ئیسرائیل هیچ ئاگادارییەکی چۆڵکردنی بڵاونەکردبووەوە، گەڕەکەکەش پڕ لە خەڵک بوو. دواتر ئیسرائیل رایگەیاند، ویستوویانە وافیق سەفا، سەرۆکی یەکەی پەیوەندییەکان و هاوئاهەنگیی حیزبوڵڵا بکەنە ئامانج. هیچ هەواڵێک لەسەر کوژرانی سەفا نەبوو، یان رزگاری بووە، یانیش هەر لەوێ نەبووە.
چاو هەڵهێنان
ریهاب لە نەخۆشخانەی زەهرا لە بەیرووت چاوەکانی کردەوە، نەیدەتوانی بجووڵێتەوە. ئازارێکی زۆر لە قۆڵ و پشتیدا هەبوو، پێویستیی بە دوو نەشتەرگەری هەبوو. لەنێوان راستی و خەیاڵدا مەلەی دەکرد. ئەوەی لە مێشکی بوو دوایین قاقای پێکەنینی کچەکانی، خوانی ئێوارە و کۆبوونەوەی خێزانی بوو. ریهاب هێشتا هیچ ئاگایەکی لە هاوژین و کچەکانی نەبوو.
دایک و باوکی ریهاب لە نەخۆشخانەکانی بەیرووت بە شوێنپێی زاوا و نەوەکانیان بوون، بۆیان دەرکەوت سەعید و تیا کوژراون، بۆ نایاش، پێویست بوو پشکنینی DNA بکرێت. نایا بەجۆرێک شێوابوو، نەدەناسرایەوە.
دکتۆرەکانی نەخۆشخانە پێیان باش بوو هیچ شتێک بە ریهاب نەگوترێت، لانیکەم تاوەکو نەشتەرگەرییەکانی بۆ دەکرێت. دوو هەفتە تێپەڕی، نەشتەرگەرییەکان کران و برینەکانی ریهاب بەرەو باشبوونەوە چوون. بەسیمە، دایکی ریهاب بەردەوام پێی دەگوت منداڵەکان و سەعید لە نەخۆشخانەیەکی دیکە چارەسەر وەردەگرن.
ریهاب هەستیکرد شتێک هەیە و داوایکرد بە پەیوەندیی ڤیدیۆیی قسەیان لەگەڵ بکات، یان وێنەی نوێیان ببینێت. دوای 15 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، لە رێگەی دەروونناسێکەوە ریهاب هەواڵە جەرگبڕەکەی پێدرا. "هاوژین و دوو کچەکەت ئیدی لەژیاندا نەماون."
'یان دەنووم، یان دەگریم'
شەش هەفتە تێپەڕی، ریهاب لەسەر کورسییەکی پلاستیکی لە شوقەیەکی بەیرووت دانیشتووە، چاوەکانی مات و رەنگی زەرد. هێشتا برینی نەشتەرگەرییەکان بە تەواوی تیمار نەبوون، هەشت بورغوو لە دڕکەپەتکی جێگیرکراون و سێ دانەش لە قۆڵی. ماوەیەکی زۆر لەسەر پشت راکشا، ئێستا وردە وردە دەتوانێت دابنیشێت و بڕوات، بەڵام هەموو هەنگاوێک ئازارێکە بۆی.
ریهاب دەمی کردەوە و قسەی کرد: "دوو بژاردەم هەیە، یان دەنووم یان دەگریم؛ بەڵام ئێستا دەمەوێت باسی خێزانەکەم بکەم."
ریهاب بەردەوامبوو: "نایا زۆر بەمنەوە پەیوەست بوو، بۆ هەموو شوێنێک بەدوامەوە بوو. تیا زیاتر داپیرە و باپیرەی خۆشدەویست، حەزی لێبوو لە ماڵی ئەوان بمێنێتەوە. هەردوو کچەکەم حەزیان لە نیگارکێشان بوو، حەزیان لە یاریکردن بە بووکەڵە و چوونە قوتابخانە بوو. لە ماڵەوەش بۆ چەندین کاژێر یاریی (مامۆستا و قوتابی)ـیان دەکرد."
سەعید لە ساڵی 2013 چووە نێو ژیانی ریهابەوە. ریهاب لە بەیرووت گەورەببوو، بەڵام دایک و باوکی خەڵکی گوندی مەیسل جەبەلی باشووری لوبنان بوون.
ریهاب پێش ئەوەی ژیانی هاوژینی پێکبهێنێت، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا بەدەستهێنا و دەستی بە خوێندنی ماستەریش کرد، بەڵام لەبەر سەعید و دواتر لەدایکبوونی تیا، وازی لە خوێندن هێنا.
ئێستا ریهاب سێ پارچەی لەدەستداوە، دەیەوێت خۆی بە شتێکەوە سەرقاڵ بکات: "دەچمەوە بەر خوێندن."
بۆردوومانی گۆڕەکان
سەعید و تیا، دوای رۆژێک لە هێرشەکە لەلایەن باوک و مامی ریهابەوە، لە باشووری بەیرووت نێژران. دوای دوو هەفتە، پیاوەکان هاتنەوە و گۆڕی سێیەمیان هەڵکەند و نایایان ناشت.
دوای چەند رۆژێک، ئیسرائیل هێرشێکی کردەسەر باڵاخانەیەکی تەنیشت گۆڕستانەکە، بەهۆی کەوتنی دار و پەردووەوە، گۆڕەکان تێکچوون.
دوای هەموو ئەوانە، ئەمریکا ئاگربەستی نێوان لوبنان و حیزبوڵڵای راگەیاند. سەدان هەزار ئاوارە چوونەوە زێدەکانی خۆیان؛ بەڵام ریهاب چیدیکە ناتوانێت بچێتەوە گوندەکەی خۆیان، چونکە تەندروستیی رێگەی پێنادات و پێویستە هەمیشە کەسێک یارمەتی بدات.
بەهۆی ئاگربەستەوە تەواوی لوبنان لە ئاهەنگ و خۆشی گێڕان بوو، دڵ و چاوی ریهابیش لە ئەشک نەسرەوت. دوای راگەیاندنی ئاگربەست، وافیق سەفا، ئەو کەسەی کە ئیسرائیل لە پێناو کوشتنی ئەو 22 کەسی کوشت، دەرکەوت زیندووە و هیچی بەسەر نەهاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ