رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا داوا لە چین دەکات گوشار بخاتە سەر ئێرانی هاوپەیمانی بۆئەوەی حووسییەکان رازی بکات هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور بوەستێنن.
رۆژی شەممە 27-01-2024 جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە تایلاند لەگەڵ وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین کۆبووەوە و داوای لێکرد، پەکین هەژموونی خۆی بەکاربهێنێت بۆئەوەی ئێران رازی بکات گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەم بکاتەوە.
دوو بەرپرسەکەی ئەمریکا و چین رێککەوتوون ئامادەکاری بۆ پەیوەندییەکی دیکەی تەلەفۆنی لەنێوان جۆ بایدن و شی جینپینگ، سەرۆکەکانی هەردوو وڵاتدا بکەن.
دیداری ئەمریکی و چینییەکان لە رۆژانی هەینی و شەممە لە بانکۆک، تەواوکەری ئەو کۆبوونەوەیە بوو کە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو لە کالیفۆرنیا لەنێوان سەرۆکەکانی هەردوولا کرا.
کۆبوونەوەکانی ئەمجارە دوای ئەوە هاتن، کە دژبەرێکی چین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی دوورگەی تایوانی بردەوە. هەروەها دوای ئەوە دێن کە ئەمریکا و چین بڕیاریان دا دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە.
گفتوگۆکان هاوکاتیشن لەگەڵ زیادبوونی هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا دەڵێت، سوڵیڤان بە چینییەکانی راگەیاندووە، پەکین هەژموونێکی ئابووریی گەورەی بەسەر ئێراندا هەیە و دەتوانێت شتێک بکات بۆئەوەی کاریگەریی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر بازرگانیی نێودەوڵەتی بوەستێنێت.
ئەو بەرپرسە باڵای ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، چین بە ئاشکرا داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات، بەڵام دەشڵێت، جارێ زووە بزانرێت ئایا پەکین ماسوولکە دیپلۆماسییەکانی بۆ گوشار خستنەسەر تاران بەکاردەهێنێت یان نا. بەرپرسەکە بە مەرجی ناونەهێنان قسەی بۆ ئەسۆشیەیتد پرێس کردووە.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی چین، وانگ گوتوویەتی، پێویستە چین بەڵێنەکەی خۆی لە پشتیوانینەکردنی سەربەخۆیی تایوان بهێنێتەدی. وانگ باسی لەوەس کردووە، بردنەوەی هەڵبژاردنی تایوان لەلایەن لەی چینگتی، جێگری سەرۆکی پێشوو، هەڵوێستی چینی نەگۆڕیوە بەوەی دوورگەکە بەشێکە لە چین و گەورەترین ئاڵنگاریش بۆ پەیوەندییەکانی پەکین و واشنتن پرسی "سەربەخۆیی تایوانە."
بایدن پێشتر رایگەیاندبوو، پشتیوانی لە سەربەخۆیی تایوان ناکات، بەڵام یاسای ئەمریکی داوا دەکات واشنتن لەڕووی بەرگرییەوە پشتیوانی لە دوورگەکە بکات و بەرەوڕووی هەڕەشەکانی سەری ببێتەوە.
بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە دیار نییە کەی بایدن و شی گفتوگۆ دەکەن، بەڵام هیوای خواست لە چەند مانگی داهاتوودا بێت.
سوڵیڤان و وانگ ساڵی رابردوو لە ماڵتا و دواتریش لە ڤیەننا کۆبوونەوە پێش ئەوەی بایدن و شی لە کالیفۆرنیا یەک ببینن.
تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، هەردوولا هەندێ رێککەوتنی ئاساییان واژۆکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و دەستپێکردنەوەی هاوئاهەنگیی سەربازی و رێگریکردن لە خراپتربوونی پەیوەندییەکانیان. بڕیارە رۆژی سێشەممە، گرووپێکی هاوبەش بە ناوی "گرووپی ئەمریکا و چین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان" دەست بە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی بکات. بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، ماددە هۆشبەرەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان لە چین بەرهەمدەهێنرێن و بە قاچاخ دەبردرێنە ئەمریکا.
چین دوورگەی خۆبەڕێوەبەریی تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دادەنێت و لە رێگەی ناردنی فڕۆکە و کەشتیی جەنگی بۆ دەوروبەری، پەستبوونی خۆی بەرامبەر بە پەیوەندی و چالاکییە سیاسییەکانی دوورگەکە پێشانداوە. هەر لە رۆژی شەممە، وەزارەتی بەرگریی تایوان رایگەیاندبوو، چین زیاتر لە 30 کەشتیی سەربازیی ناردووەتە نزیک دوورگەکە و 13 فڕۆکەی جەنگیشی هێڵی جیاکەرەوەی نێوان دوورگەکە و چینیان بڕیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ