ئەمریکا رزگارکردنی کەشتییەکی رفێندراو لە کەنداوی عەدەن و دەستگیرکردنی رفێنەرەکان رادەگەیێنێت

27-11-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم، ئاماژە بەوە دەکات، هێزی دەریایی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کەشتییەکی پەیوەندیدار بە ئیسرائیلیان لە سنوورە ئاوییەکانی یەمەن لە دەستی هێرشکارەکان دەرهێناوە و پێنج چەکداریشی دەستگیرکردووە. دوای ئەوە، دوو مووشەکی بالیستی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان لە یەمەنەوە ئاراستەی کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کەنداو کراون، بەڵام هیچ زیانێکیان نەبووە. 
 
سێنتکۆم رۆژی یەکشەممە، رایگەیاند، کەشتیی سێنتراڵ پارکی پەیوەندیدار بە ئیسرائیل، کە لە جۆری تانکەرە و رۆژی یەکشەممە لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، لەدەستی رفێنەرەکان رزگارکردووە؛ سێنتکۆم دەڵێت، "دەستەی کەشتیوانییەکەی هەموویان سەلامەتن." 
 
‌هێزە ئەمریکییەکە ناسنامەی چەکدارەکانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە دواتر دوو مووشەکی بالیستی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکانی یەمەنەوە ئاراستەی کەشتیی یو ئێس ئێس ماسۆن کراون. مووشەکان لە دووری 10 میلی دەریایی لە کەشتییەکە کەوتوونەتە نێو کەنداوی عەدەنەوە، بێئەوەی زیانی گیانی یان مادییان هەبێت. 
 
یو ئێس ئێس ماسۆن کە لە جۆری وێرانەکەر و سەر بە گرووپی کەشتیی فرۆكە هەڵگری یو ئێس ئێس ئایزنهاوەرە، بە هانای کەشتیی سێنتراڵ پارکی بازرگانییەوە چووبوو، دوای ئەوەی کە لە هەبوونی هێرش بۆ سەری ئاگادارکرابووەوە. 
 
سێنتکۆم دەڵێت، "لەگەڵ گەیشتنمان، هێزەکانی هاوپەیمانان داوا ئازادکردنی کەشتییەکەیان کرد، دواتر پێنج چەکدار کەشتییەکەیان جێهشێت و هەوڵیاندا لە رێگەی بەلەمێکی بچووکەوە هەڵبێن. ماسۆن دوای هێرشکارەکان کەوت و لە کۆتاییدا خۆیان بەدەستەوەدا."
 
کەشتیی سێنتڕال پارک لەلایەن کۆمپانیای زۆدیاکەوە بەڕێوەدەبردرێت کە بارەگاکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە. بە گوێرەی کۆماپانیاکە، کەشتییەکەیان ترشی فسفۆریکی هەڵگرتبوو و 22 کەشتیوانی فرەنەتەوەیی تێیدابوون. سێنتکۆم دەڵێت، کەشتیوانەکان سەلامەتن. 
 
زۆدیاک دەڵێت، کەشتییەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی دیکەوە بە ناوی Clumvez Shipping Inc. خاوەندارێتی دەکرێت، بەڵام تۆمارە دەریاگەرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن خاوەنی راستەخۆی کەشتییەکە، زۆدیاکە، کە خاوەنەکەی ملیاردێرێکی ئیسرائیلییە بە ناوی ئیال عوفەر. 
 
سێنتکۆم باسی لەوە کردووە، مووشەکەکان کاژێر 01:41ـی بەیانیی رۆژی دووشەممە بە کاتی سەنعا [هەمان کاتی هەولێر]، ئاراستەی ماسۆن کرابوون لە کاتێکدا کە تازە لە بەدەمەوەچوونی کەشتییە بازرگانییەکە تەواوببوو. 
 
حکومەتی یەمەن کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا دانیپێدانراوە، حووسییە یاخییەکانی لایەنگری ئێرانی بە بەرپرس لەو هێرشە دانا، هەرچەندە حووسییەکان کە سەنعای پایتەختی یەمەنیان کۆنترۆڵکردووە، نە دانیان بە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکە و نە هێرشە مووشەکییەکەشدا نەنا.
 
حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن رایگەیاند، "حکومەتی یەمەن سەرکۆنەی خۆی دووپات دەکاتەوە بۆ ئەم چەتەگەرییە دەریاییە کە لەلایەن میلیشیای حووسیی تیرۆرستەوە بە پشتیوانی رژێمی ئێرانی دەکرێت."
 
هێرشەکە لەو بەشەی کەنداوی عەدەن روویدا کە بە پێی یاسا دەبێت لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی یەمەندا بێت و بە مەودایەکی بەرچاو لە ناوچەی حووسییەکانەوە دوورە.
 
زۆدیاک پێشتریش لە شەڕی سێبەری چەند ساڵەی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا کراوەتە ئامانج. لە ساڵی 2021، هێرشێکی درۆنی کە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا پێیانوابوو لە لایەن ئێرانەوە ئەنجامدراوە، بووە هۆی کوژرانی دوو کەشتیوانی کەشتیێکی نەوتهەڵگری سەر بە زۆدیاک لە کەناراوەکانی عومان. 
 
رێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا، کە کەشتیوانان لە هەڕەشەکان ئاگاداردەکاتەوە، پێشتر هۆشدارییەکی دەرکردبوو بەوەی کە "دوو کەشتی رەش و سپی کە هەشت کەسیان بە جلوبەرگی سەربازییەوە تێدایە" لە ناوچەکەد بینراون.
 
سێنتڕاڵ پارک زیاتر لە 35 میل لە باشووری یەمەنەوە، 50 میل لە رۆژهەڵاتی جیبۆتییەوە و نزیکەی 70 میل لە باکووری رۆژهەڵاتی سۆماڵەوە لە نێو کەنداوی عەدەن بوو، کە رێگەیەکی گرنگی دەریاییە.  
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، زۆدیاک رایگەیاند، کەشتییەکە کە ترشی فۆسفۆریکی هەڵگرتبوو و تیمەکەی کە لە 22 دەریاوانی بولگاری، جۆرجی، هیندستانی، فلیپینی، رووسی، تورکیایی و ڤێتنامی پێکهاتبوون، هیچ زیانێکیان پێنەگەیشتووە.
 
کۆمپانیاکە دەڵێت، "سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەین کە بە خێرایی وەڵامیان دایەوە و سەروەت و سامانی ناوچەکەیان پاراست و یاسای دەریایی نێودەوڵەتییان پاراست."
 
دەستبەسەرداگرتنی کەشتیی سێنتڕاڵ پارک دوای ئەوە دێت کە کەشتییەکی بارهەڵگر بە ناوی CMA CGM Symi کە خاوەنەکەی ملیاردێرێکی دیکەی ئیسرائیلی بووە، رۆژی هەینی لەلایەن درۆنێکەوە لە زەریای هیندی هێرشی کرایە سەر، کە گومان دەکرێت لە لایەن ئێرانەوە بووبێت. ئێران دانى بەوەدا نەناوە هێرشەکەی ئەنجامدابێت. 
 
هەردوو کەشتییەکە بە هۆشیارییەوە هاتووچۆیان دەکرد، وەک ئەوەی رووبەڕووی هەڕەش بووبێتنەوە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی MarineTraffic.com دوو کەشتییەکە سیستمی شوێن پێهەڵگرتنیان کوژاندبووەوە. پێویستە کەشتییەکان بۆ مەبەستی سەلامەتی، سیستمەکە بە پێکراوی بهێڵنەوە، بەڵام ئەگەر کەشتیوانەکان گومانبکەن کە هێرشیان دەکرێتە سەر، دەیکوژێننەوە بۆ ئەوەی نەدۆزرێنەوە. 
 
هێرشی سەر کەشتییەکان لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە زیادیکردووە، تەنانەت لە کاتێکدا کە ئاگربەستێکی چوار رۆژە راگەیێندراوە. 
 
هەر لەم مانگەدا، حوسییەکان لە دەریای سوور دەستیان بەسەر کەشتیێکی گواستنەوەی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکاندا گرت کە ئەویش پەیوەندیی بە ئیسرائیلەوە هەبوو. کەشتییەکە هێشتاش لە بەندەری حودەیدای ژێر دەستی حوسییەکانە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە