رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دەنگۆی راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بڵاوبووەوە، وەزیرێکی کابینەی نەتەنیاهوو ئەم هەنگاوە بە "هەڵەیەکی گەورە" ناودەبات و داوا دەکات شەڕ بەردەوام بێت.
رۆژی دووشەممە 25-11-2024 ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل رایگەیاند، راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ لوبنان "هەڵەیەکی گەورەیە."
ئەمریکا چەند هەفتەیەکە لە هەوڵی دیپلۆماسی دایە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل. ئەمەش دوای ئەوەی لە کۆتاییەکانی ئەیلوولی ئەمساڵ ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان چڕکردەوە.
بن گڤیر لە ئێکس نووسی: "رێککەوتن لەگەڵ لوبنان هەڵەیەکی گەورەیە، کۆتاییهێنان بە جەنگ بریتییە لە لەدەستدانی دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ریشەکێشکردنی حیزبوڵڵا. من لە هەموو قورسییەکان تێدەگەم، بەڵام ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە."
بن گڤیر داوای لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد لە شەڕکردن بەردەوامبێت تاوەکو "سەرکەوتنی تەواوەتی" بەدەستدەهێنن.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە میدیای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، ئەگەری هەیە نەتەنیاهوو گڵۆپی سەوز بۆ پێشنیازێکی ئەمریکا بۆ ئاگربەست لە لوبنان هەڵبکات. وەزیرە دژبەرەکانی نێو کابینەکەی نیگەرانی ئەوەشن کە فەرەنساش لەو پێشنیاز و نێوەندگیرییەدا بەشدار بێت.
ئامۆس هۆکستاین، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سەردانێکی هەفتەی رابردوو بۆ لوبنان و ئیسرائیل رایگەیاند: "بەرەوپێشچوون بۆ ئاگربەست" هەیە.
دوێنێ یەکشەممە، حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، چەکدارەکانیان توانیویانە پێنج تانکی "مێرکاڤا"ـی ئیسرائیلی لە گوندی بەییازە لە باشووری لوبنان تێکبشکێنن. دوای ئەو راگەیێندراوە، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە: "تەنیا ئەمڕۆ لە لوبنانەوە 250 مووشەک و درۆن بە ئاراستەی باکووری ئیسرائیل تەقێنراون". تاوەکو ئێستا زۆرترین درۆن و مووشەک لە رۆژێکدا ئاراستەکرابن لە 24-09-2024 کە 350 دانە بوون.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دەڵێت، لە جەنگی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 08-10-2023ـوە تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 754 کەس کوژراون. بەگوێرەی ئیسرائیلیش، لە 13 مانگدا 82 سەرباز و 47 سڤیل کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ