نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "زۆر گرنگە" سووریا نەخزێنرێتە نێو جەنگەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند، "زۆر گرنگە شەڕ لە لوبنان و غەززە بوەستێنرێت و سووریاش نەخزێنرێتە نێو جەنگەکە".
 
گیێر پیدەرسن، رۆژی یەکشەممە، 24.11.2024، پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا لە دیمەشق گوتی: "پێویستە دڵنیابینەوە لەوەی ئاگربەستی دەستبەجێمان لە غەززە و لوبنان هەبێت و رێگەنەدرێت سووریا بخزێنرێتە نێو ململانێکە".
 
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011ـەوە، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ئەو وڵاتە، بە شێوەیەکی سەرەکیش پێگەکانی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی ئێرانی کردوونەتە ئامانج.
 
هەروەها لە کۆتایی ئەیلوولەوە، واتە لەو کاتەوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا تووند بووە، سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر سووریا چڕکردوونەتەوە.
 
بە گوتەی چالاکڤانانی خۆجێیی سووریا، هەفتەی رابردوو لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر تەدموور، 92 چەکداری لایەنگری ئێران کوژران. بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، ئەوە خوێناویترین هێرشی ئیسرائیل بووە بۆ سەر سووریا.
 
ئیسرائیل بە دەگمەن لێدوان لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر سووریا دەدات، بەڵام بەردەوام گوتوویەتی، رێگە بە ئێران نادات شوێنپێی خۆی لە نێو سووریادا تۆکمە بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە