رووداو دیجیتاڵ
کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازیی حەماس رۆژی پێنجشەممە، رایگەیاند، "نزیکەی 50 بارمتە"ی ئیسرائیلی لە غەززە بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
گرووپەکە لە کەناڵی تەلەگرامی خۆی رایگەیاند: "کەتائیبی قەسام مەزەندە دەکات ژمارەی ئەو گیراوە زایۆنیانەی بەهۆی هێرشە ئاسمانی و رەشەکوژییەکانی زایۆنییەکانەوە بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون، گەیشتبێتە نزیکەی 50 کەس."
پێشتر سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو کە 224 کەس لە لایەن حەماسەوە بە دیل گیراون، دوای ئەوەی کە 7ی تشرینی یەکەم هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەستی ئیسرائیل لە دەوروبەری کەرتی غەززە، کە لەو هێرشە هەزار و 400 کەسیشیان کوشت.
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێمە خێزانی 224 بارمتەمان ئاگادارکردوونەتەوە. ئەم ژمارەیە بە پێی ئەو زانیارییە هەواڵگریانەی دەستماندەکەون، دەگۆڕێت. بەردەوامیش دەبێت لە گۆڕان. هەوڵەکانی گەڕاندنەوەی بارمتەکان کاری هەرە لە پێشینەمانە."
رۆژی پێنجشەممە، 26-10-2023، وەزارەتی تەندروستی غەززە بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە حەوت هەزار و 28 کەس کوژراون و نزیکەی 18 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون.
هاوکات، لەنێو کوژراوەکاندا دوو هەزار و 913 منداڵ، هەزار و 709 ژن و 397 پیر هەن. لە کەرتی غەززە نزیکەی 45٪ی باڵەخانە و یەکەی نیشتەجێبوون بە تەواوەتی خاپوورکراون یان زیانیان بەرکەوتووە، ئەوە جگە لە هێرشکردنە سەر 219 دامەزراوەی دیکەی پەروەردەیی.
بە گوتەی وەزارەتەکە، نزیکەی 1.4 ملیۆن کەسی کەرتی غەززە ئاوارە بوونە و 101 کارمەندی تەندروستیش کوژراون. بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیلیش لەو ماوەیەدا زیاتر لە هەزار و 405 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و نزیکەی پێنج هەزار و 431 کەسی دیکەش برینداربوون.
لەنێو کوژراوەکانی ئیسرائیلدا 366 سەرباز و پۆلیسی ئیسرئیلی هەن. بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لەو ماوەیەدا لە کەرتی رۆژئاوا بەهۆی پێکدادان و گرژییەکانەوە 103 کەس کوژراون، هەزار و 836 کەسی دیکەش برینداربوون و هەزار و 450 کەسی دیکەش دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ