رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە "چارەسەری دوو دەوڵەت" تاکە رێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین.
بلینکن لە سەردانی بۆ ئیسرائیل بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاگربەستی نێوان وڵاتەکە و بزووتنەوەی حەماس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە قودس-ئۆرشەلیم گوتی: "بەردەوامیدان بە هەوڵەکانی گەیشتن بە چارەسەری دوو دەوڵەت لە توانادا هەیە، کە ئێمە تاوەکو ئێستاش پێمانوایە ئەوە تاکە رێگەیە بۆ مسۆگەرکردنی ئایندەی ئیسرائیل وەکو وڵاتێکی یەهوودیی دیموکراسی و بێگومان، پێدانی وڵاتێکی سەربەخۆی بە فەڵەستینییەکان کە شایستەیان بێت".
هەروەها دوێنێ ئەنتۆنی بلینکن گوتی، وڵاتەکەی دووبارە کۆنسوڵخانەی خۆی لە قودس-ئۆرشەلیم دەکاتەوە، ئەوەش وەکو هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فەڵەستین دوای ئەوەی کە لەلایەن ترەمپەوە لاوازکرابوون.
پێشتر بۆ ماوەیەکی درێژ، کۆنسوڵخانەکە بەشێوەیەکی سەربەخۆ بەرپرس بوو لە هەڵسوڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لەگەڵ فەڵەستین، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئاستی کاری کۆنسوڵخانەکەی کەمکردەوە و خستیە ژێر دەسەڵاتی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، ئەوەش دوای ئەوەی کە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی بۆ قودس-ئۆرشەلیم گواستەوە.
ئەو هەنگاوەی ترەمپ بووە هۆی تووڕەکردنی فەڵەستینییەکان کە قودسی رۆژهەڵات بە خاکێکی داگیرکراو و پایتەختی وڵاتی ئایندەیان دەزانن.
دوێنێ سێشەممە 25ی ئایار، پێش ئەوەی سەردانی قودس- ئۆرشەلیم بکات، بلینکن سەردانی رامەڵڵای کرد و لەگەڵ مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینی کۆبووەوە و لەوێ گوتی کە کۆنسوڵخانەکەیان دووبارە دەکەنەوە، بەڵام کاتەکەی ئاشکرا نەکرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و پێشتریش لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا کۆبووەوە.
بلینکن بەڵێنیدا کە هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ کەرتی غەززە کۆبکاتەوە و نەهێڵێت هیچ یارمەتییەک بگاتە دەستی حەماس.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەیەوە گوتی کە وڵاتەکەی 5.5 ملیۆن دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە تەرخان دەکات و لە رێگەی ئونروا (ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهاناوەچوون و بەکارخستنی ئاوارە فەڵەستینییەکان)ـەوە، 32 ملیۆن دۆلاری دیکە بە غەززە دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ