نەتەوە یەکگرتووەکان: 70%ی کوژراوانی غەززە ژن و منداڵن

08-11-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ هەینی کوشتنی خەڵکی سڤیلی غەززەی لەلایەن ئیسرائیلەوە سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، 70%ی کوژراوان ژن و منداڵن.
 
نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکی نوێدا ئاماژە بە ژمارەیەک پێشێلکاریی ئیسرائیل دژی یاسای نێودەوڵەتی دەکات. ئیسرائیل رەخنەی تووند لە راپۆرتەکە دەگرێت.
 
راپۆرتەکە دەڵێت، دەکرێت بەشێکی زۆری ئەو پێشێلکارییانەی ئیسرائیل بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و "جینۆساید" دابنرێن. ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، رێگری لە "تاوانی گەورە" بکات و لێپێچینەوە لەگەڵ تاوانکاران بکات.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "ئەوەی زۆرترین کاریگەریی هێرشەکانی لەسەر بووە، خەڵکی سڤیلی غەززە بووە."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، سوپای ئیسرائیل "گەمارۆی تەواوی" خستووەتە سەر غەززە، کە زۆرترین زیانی بە خەڵکی سڤیل گەیاندووە.
 
راپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، "کارەکانی هێزەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی ئاستێکی بێوێنەی کوشتن، مردن، برینداربوون، پەتا و نەخۆشی." هەروەها دەشڵێت، ئیسرائیل بە شێوەیەکی نایاسایی رێگری لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە کەرتی غەززە کردووە، ژێرخانی شارستانیی لەنێوبردووە و خەڵکی ناوچە فەلەستینییەکەی بە کۆمەڵ دەربەدەر کردووە.
 
نێردەی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "بە هەموو شێوەیەک" راپۆرتەکە رەتدەکەنەوە و گوتی، نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان "خووی بە توڕەکردنی ئیسرائیلەوە گرتووە."
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان  لێکۆڵینەوەی کردووە و پشتڕاستیکردووەتەوە، نزیکەی 70%ی ئەو 34 هەزار و 500 کەسەی لە شەش مانگ سەرەتای جەنگەکەدا کوژراون، ژن و منداڵ بوون.
 
ئەجیت سونگهای، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەکە دەڵێت راپۆرتەکە دەرخەری ئەوەیە کە ئیسرائیل "بەشێوەیەکی رێکخراو بنەما سەرەکییەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی پێشێلکردووە."
 
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 43 هەزار و 500 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون. 
 
"تەواوی خەڵکی باکووری غەززە لە مەترسیی مردنی مسۆگەردان"
 
راپۆرتە نوێیەکە هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاند، باکووری کەرتی غەززە بە "کارەساتدا" دەڕوات، لە کاتێکدا ئیسرائیل سەرقاڵی فراوانکردنی هێرشە سەربازییەکەیەتی بۆ سەر ناوچەکە. 
 
بەڕێوبەرانی ئاژانسەکانی یونیسێف، یارمەتییە مرۆییەکان و پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، هەینیی رابردوو رایگەیاند، "تەواوی دانیشتووانی فەلەستینی لە باکووری غەززە لە مەترسیی مسۆگەری مردندان بە هۆی نەخۆشی، قاتوقڕی و تووندوتیژی."
 
هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد، "یارمەتیی مرۆیی ناتوانێت بە ئاستی پێویست بە هۆی بەربەستەکان بگەیێندرێتە شوێنی خۆی. پێداویستییە سەرەتاییە ژیانپارێزەکان بەردەست نین. کارمەندە مرۆییەکان ناتوانن بە سەلامەتی کاربکەن و لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە رێگرییان لێ دەکرێت."
 
ئەو ئاژانسانە داواشیان لە ئیسرائیل کرد "هەموو هێرشەکانی بۆ سەر غەززە و کارمەندە مرۆییەکان بووەستێنێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە