رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی قەتەری بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی رایگەیاندووە، قەتەر دەستبەرداری نێوەندگیریکردن لە گفتوگۆی ئاگربەستی غەززە دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی هەردوو لایەنی ئیسرائیلی و حەماس "ویستێکی جیدی" بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستاندن نیشاندەدەن.
راپۆرتەکە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، قەتەر گەیشتووتەوە ئەو بڕوایەی "چیدیکە پێویست بە مانەوەی" مەکتەبی سیاسیی حەماس لە دەوحە ناکات، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ داخستنی مەکتەب سیاسییەکە، کە بە گورزێکی دیکە بۆ حەماس دادەنرێت دوای ئەوەی باڵاترین سەرکردەکانی لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژران.
قەتەر، لەگەڵ ئەمریکا و میسر رۆڵی سەرەکییان لە هەوڵەکانی ئاگربەستدا بینی بۆ ئەوەی جەنگی غەززە بووەستێنرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هەوڵەکان بەرهەمیان نەبووە.
دوایین گەڕی دانوستاندنەکان نێوەڕاستی تشرینی یەکەم بوو، بەڵام شکستیهێنا.
بەرپرسەکەی قەتەر بە رۆیتەرزی راگەیاندووە "قەتەرییەکان لە سەرەتای ململانێکەوە گوتوویانە تەنیا ئەو کاتە دەتوانن نێوەندگیری بکەن، کە هەردوولا خواستێکی راستەقینە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر نیشانبدەن."
قەتەر، تاوەکو ئێستا وادەیەکی بۆ داخستنی مەکتەبی سیاسیی حەماس دانەناوە، روونیش نییە ئایا دەوحە لە بڕیارەکەی پاشگەزدەبێتەوە یان نا.
بەرپرسەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت هەروەها گوتوویەتی قەتەر هەریەکە لە حەماس، ئیسرائیل و ئیدارەی ئەمریکای ئاگادارکردووەتەوە لەوەی ئەگەر حەماس و ئیسرائیل "ویستی جیدی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ نیشانبدەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئەوا دەوحە دەست بە رۆڵی نێوەندگیریکردن دەکاتەوە."
حەماس تاوەکو ئێستا هیچ هەڵوێستێکی فەرمیی لەسەر ئەم بابەتە نەبووە.
هاوکات بەرپرسێکی فەلەستینی کە ئاگاداری دانوستاندنەکانە بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە "رەنگە حەماس لێدوان لەسەری نەدات تاوەکو ئەوکاتەی بە فەرمی لە لایەن قەتەرەوە ئاگاداردەکرێتەوە. ئەوەی تاوەکو ئێستاش هەیە، قسەی میدیایە."
رۆژی هەینی، بەرپرسێکی ئەمریکی باسی لەوە کردبوو، لەم چەند هەفتەیەدا واشنتن بە قەتەری راگەیاندووە، چیدیکە هەبوونی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە دەوحە، جێگەی قبوڵکردن نییە، دوای ئەوەی بزووتنەوەکە پێشنیازی ئاگربەستێکی کاتیی رەتکردەوە.
مانگی نیسانی ئەمساڵ، قەتەر تێڕوانینی خۆی بۆ هەبوونی مەکتەبی سیاسی حەماس لە خاکەکەیدا گۆڕی، ئەوەش وایکرد بەرپرسانی بزووتنەوەکە بچنە تورکیا.
بەڵام بەگوتەی ئەو بەرپرسەی بۆ رۆیتەرز قسەی کردووە، "دوو هەفتە دوای ئەوە، ئیدارەی بایدن و حکومەتی ئیسرائیل داوایان لە قەتەر کرد، داوا لە سەرکردەکانی حەماس بکات بگەڕێنەوە قەتەر،" چونکە واشنتن پێیوابوو ئەگەر سەرکردەکانی حەماس لە تورکیا بن، دانوستاندنەکان کاریگەر نابن.
قەتەر کە لە لایەن واشنتنەوە بە "هاوپەیمانێکی سەرەکیی" ناتۆ دانراوە، لە ساڵی 2012ـەوە دوای رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، رێگەی بە هەبوونی نووسینگەی حەماس داوە.
دیار نییە چەند بەرپرسی حەماس لە دەوحەن، بەڵام ژمارەیەک کەسیان لەنێودایە کە بە جێگرەوەی چاوەڕوانکراوی یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس کە مانگی رابردوو لە غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا، دادەنرێت.
یەکێک لەو سەرکردانەی لە دەوحەیە، خەلیل حەییەیە کە لە گفتوگۆکاندا سەرکردایەتیی شاندی حەماسی کردووە.
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماس، تەمووزی ئەمساڵ لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا، کە پێش ئەوە لە دەوحە بوو. مانگی ئاب، تەرمەکەی گەڕێنرایەوە قەتەر و لەوێ بەخاکسپێردرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ