رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی هەینی، تۆمەتی جینۆسایدی دژی ئیسرائیل بە "قێزەون" ناوبرد و بەڵێنیدا کە لە جەنگی سەر غەززە بەردەوام بێت.
هەڵوێستەکەی نەتەنیاهوو دوای ئەوە هات کە باڵاترین دادگەی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی 26-1-2024 بڕیاری کاتیی لەسەر دۆسیەیەک دا بۆ ئەوەی سوپای ئیسرائیل رێکاری پێویست بگرێتەبەر تاوەکو زیانە گیانییەکان کەمبکاتەوە. لە دۆسیەکەدا ئیسرائیل تۆمەتبارکراوە بە ئەنجامدانی جینۆساید.
دادگەکە بڕیاری وەستاندنی جەنگی نەدا، بەڵام داوای کرد ئیسرائیل هەوڵی سنووردارکردنی مردن و زیانەکانی هێرشە سەربازییەکەی بدات.
ئەفریقای باشوور سکاڵاکەی پێشکێشکردبوو و داوای لە دادگە کردبوو فەرمان بە ئیسرائیل بکات جەنگ بووەستێنێت.
ئەگەرچی بڕیاری دادگەکە لەو ئاستەدا نەبوو، بەڵام بووە زیادبوونی گوشارێکی دیکەی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی هێرشەکانی ئیسرائیل کە تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 26 هەزار کەس، خاپووربوونی بەشێکی بەرفراوانی غەززە و ئاوارەبوونی 85٪ی 2.3 ملیۆن دانیشتووانەکەی.
لە وەڵامی ئەو بڕیارەدا، نەتانیاهوو گوتی، "ئەوەی پێویستە بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان و بەرگریکردن لە گەلەکەمان دەیکەین".
لە بڕیارەکەدا کە لەلایەن لیژنەیەکی 17 دادوەرییەوە درا، دادگەی نێودەوڵەتی بڕیاریدا ئیسرائیل شەش رێکار بگرێتەبەر بۆ پاراستنی فەلەستینییەکانی غەززە.
زۆر لە رێوشوێنەکان لەلایەن زۆرینەی رەهای دادوەرەکانەوە پەسند کران. دادوەرێکی ئیسرائیلیش دەنگی بە دوو لەو رێوشوێنانە دا.
خوان دۆنگۆ، سەرۆکی دادگەکە دەڵێت، "دادگە بە وردی ئاگاداری رادەی ئەو کارەساتە مرۆییەیە کە لە ناوچەکەدا روودەدات و بە قووڵی نیگەرانە لە بەردەوامبوونی لەدەستدانی ژیان و ئازارەکانی مرۆڤ".
ئەو شەش رێوشوێنانەی دادگە نێودەوڵەتییەکە رایگەیاندوون، لە رووی یاساییەوە پابەندکەرن، بەڵام روون نییە ئایا ئیسرائیل پابەند دەبێت یان نا.
بڕیارەکەی هەینی تەنیا بڕیارێکی کاتییە؛ دەکرێت چەندین ساڵ بخایەنێت تا ئەو کەیسەی ئەفریقای باشوور بە تەواوی یەکلایی دەبێتەوە.
لەکاتێکدا دۆسیەکە بە رێگە درێژەکەیدا دەڕوات، ئەفریقای باشوور داوای لە دادوەرەکان کرد "وەک پێویستییەکی لەپێشینە" بڕیار لەسەر رێوشوێنی کاتی بدات.
لە لووتکەی لیستی داواکارییەکانی ئەفریقای باشووردا هاتبوو کە دادگە فەرمان بە ئیسرائیل بکات "دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە غەززە و بۆسەر غەززە رابگرێت"، بەڵام دادگە رەتیکردەوە ئەو کارە بکات.
ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و زەوینی بەرفراوانی خۆی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد، دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەم هێرشیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە و نزیکەی هەزار و 200 کەسیان کوشت کە بە شێوەیەکی سەرەکی خەڵکی سڤیل بوون و 250 کەسی دیکەشیان رفاند.
وەزارەتی تەندرووستیی کەرتی غەززە ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، زیاتر لە 26 هەزار فەلەستینی کوژراون کە نزیکەی دوو لەسەر سێییان ژن و منداڵن.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لانیکەم نۆ هەزار کەس لەوانەی لەم چوار مانگەدا کوژراون، چەکداری حەماس بوون، واتە بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، 17 هەزارەکەی دیکە ژن و منداڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ