رووداو دیجیتاڵ
رێگەی سەرەکی بۆ نێو بەیتلەحم داخراوە؛ رێگەیەکی لاوەکی هەیە، سوپای ئیسرائیل خاڵی پشکنینی لێ داناوە، جاران خەڵك بە 25 خوولەک لە قودس یاخود ئۆرشەلیمەوە دەگەیشتنە ئەوێ، ئێستا یەک کاژێریان پێدەچێت.
کە دەگەیتە چوارڕیانی مەهد لە بەیتلەحم، هەست ناکەیت "زێدی لەدایکبوونی عیسا مەسیح" بێت لە سەروبەندی کریسمسدا.
سێیەم نەوەی ماڵباتی تەباشی، پێداویستییەکانی رازاندنەوەی کریسمس و سەری ساڵ دەفرۆشن؛ شەڕ هێندە کاری تێکردوون، دەڵێن، تەنانەت لە کاتی کۆرۆناش بازاڕ هێندە کز نەبوو.
رۆنی تەباش، دووکاندار دەڵێت، "نزیکەی دوو مانگە بازاڕمان نییە. رۆژانە دووکان دەکەینەوە، چونکە ئەم بازاڕە دڵی ئێمەیە. بەشێکە لە مێژوومان. من و باوکم و براکەم دێین بۆ ئێرە بۆئەوەی خزمەتی خەڵك بکەین و قاوەیان پێشکێش بکەین، چونکە بەڕاستی ئەو شوێنە بەشێکە لە دڵی ئێمە."
کەنیسە و کۆشكە دێرینەکانی بەیتلەحم، کە لە رۆژانی ئاساییدا جمەیان دەهات، تەنانەت لە رۆژی یەکشەممەی کۆبوونەوەی ئایینییشدا کپ و بێدەنگە.
چەند سەت مەترێک لەولاتر و لەنێو کەنیسەی لوسەر کریسمس، کریستیانەکان پەیکەری بچووکی منداڵانیان خستووەتە نێو داروپەردوو، ئاماژەیەکە بۆ ئەو مەینەتیانەی فەڵەستینییەکان لە شەڕی ئیسرائیل و حەماسدا پێیدا تێپەڕدەبن.
دکتۆر مونزیر ئیسحاق، قەشە ئاماژە بەوە دەکات، "جیهان ئێستا بە شێوازی جیاواز یادی کریسمس دەکاتەوە، بە جۆشەوە ئاهەنگ دەگێڕن و داری کریسمس دەڕازێننەوە، بەڵام لە زێدی کریسمسدا، کریسمس بەمشێوەیە. منداڵان لەژێر داروپەردوو دەردەهێندرێن، خەڵك ئاوارە دەبن. ماڵ وێران دەبن. هیوادارین جیهان روو لە ئازاری فەڵەستینییەکان بکات. ئەمەش لەپێناو گەڕاندنەوەی دادپەروەریی دەستبەجێ بۆ ئەم خاکە و لەپێناو ئاگربەستی پێویستدا ئەم کارە بکەن."
ئێرە بۆ مەسیحییەکان و ئەوانەی باوەڕیان بە عیسا مەسیح هەیە، خاکی پەرچوو و نزاکردنە؛ زۆربەی مەسیحییەکان لەم کریسمسەدا نزا بۆ ئاگربەست دەکەن، بەڵام بە ئاماژەی بەرپرسانی ئیسرائیل بێت، رێگەی بەردەم ئاگربەست، پشوودرێژیی دەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ