رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو بارمتانەی لەلایەن حەماسەوە ئازادکراون، گەیشتوونەتەوە ئیسرائیل، پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکرێت و دواتر دەگەڕێندرێنەوە نێو خێزانەکانیان.
بە گوێرەی ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ژمارەی بارمتە ئازادکراوەکان 24 کەسە، کە 13یان ئیسرائیلی، 10یان تایلاندی و یەکێکیان فلیپینیە، هەروەها ئیسرائیلیش 39 ژن و منداڵی فەلەستینیی ئازادکردووە.
سوپای ئیسرائیل ئێوارەی رۆژی هەینی رایگەیاند، "بارمتە ئازادکراوەکان لەنێو خاکی ئیسرائیل پشکنینی سەرەتایی پزیشکییان بۆ کراوە،" باسی لەوەش کرد بە یاوەریی سەربازەکان دەبردرێنە نەخۆشخانە تاوەکو لەوێ بە خێزانەکانیان شاد ببنەوە.
دواتر بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی، "ئێمە پابەندین بە گەڕاندنەوەی هەموو رفێندراوەکانمان".
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لیستی ئەو 13 بارمتە ئیسرائیلییەی بڵاوکردەوە کە رۆژی هەینی ئازادکران، کە دەریدەخات چوار منداڵی تەمەن دوو تا نۆ ساڵ و شەش ژنی تەمەن سەروو 70 ساڵیان لەنێودایە. هەشت لەو بارمتانە سەر بە سێ خێزانن.
هاوکات رێکخراوی "یانەی دیلە فەلەستینییەکان" پشتڕاستیکردەوە کە 39 بەندکراوی فەلەستینی لە لایەن ئیسرائیلەوە ئازادکراون.
بە درێژایی چەند هەفتەی رابردوو، قەتەر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا و میسر، سەکردایەتیی دانوستاندنەکانی کرد تاوەکو ئیسرائیل و حەماس لە سەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە و ئاڵۆگۆڕکردنی ژمارەیەک بارمتە و بەندکراو رێککەوتن.
بە گوێرەی رێککەوتنەکە، حەماس 50 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکات، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل ژمارەیەک بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات، هەروەها رێگە دەدات لە دەروازەی رەفەحەوە بارهەڵگرەکان یارمەتیی مرۆیی بگەیێننە کەرتی غەززە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئێوارەی هەینی رایگەیاند، کە لە دوای دەستپێکردنی ئاگربەستەکەوە 137 بارهەڵگری خۆراک، ئاو، دەرمان و پێداویستیی دیکەی سەرەتایی گەیێندراونەتە خەڵکی غەززە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، ئەو 11 کرێکارە تایلاندی و فلیپینییەی رۆژی هەینی ئازادکران، جیان لەو 50 بارمتە ئیسرائیلییانەی کە رێککەوتنیان لەسەر کراوە.
ئەمە یەکەمین رێککەوتنی لەو جۆرە بوو لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا بکرێت، دوای ئەوەی کە 7ی تشرینی یەکەم جەنگی نێوانیان دەستیپێکرد.
جەنگەکە بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە دەستیپێکرد، کە بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و نزیکەی 240ی دیکەش بە بارمتە گیران.
لە وەڵامی ئەوەشدا، ئیسرائیل سەرەتا دەستی بە بۆردوومانی چڕ و دواتریش هێرشی زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە کرد کە بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە، تاوەکو ئێستا 15 هەزار کەس بەو هۆیەوە کوژران، کە بەشی هەرە زۆریان ژن و منداڵن.
قەتەر رایگەیاندووە، دەکرێت ئاگربەستەکە درێژبکرێتەوە ئەگەر بارمتە و بەندکراوی زیاتر ئازادبکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ