رووداو دیجیتاڵ
کەتائیبی قەسام دەڵێت، سوپای ئیسرائیلیان ناچار بە ئاگربەست کردووە و زیانی گیانی و مادیی گەورەیان لێداوە. سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، لیستی ناوی ئەو کەسانەیان پێ گەیشتووە کە بڕیارە حەماس ئازادیان بکات، دەشڵێت، حەماس هەوڵدەدات ئاگربەستەکە بۆ "بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و جەنگی دەروونی بەکاربێنێت."
ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتائیبی قەسامی باڵی سەربازیی حەماس رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەکەیانەوە دژی ئیسرائیل، 335 تانک، زرێپۆش و بارهەڵگری سەربازیی ئیسرائیلییان تێکشکاندووە، کە 33یان لە 72 کاژێری رابردوودا بووە.
رۆژ پێنجشەممە، ئەبو عوبەیدە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، گوتی، ئیسرائیلیان "ناچارکردووە" بە ئاگربەست رازیبێت.
هاوکات یۆواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، دوای ئاگربەستە چوار رۆژییەکە کە بەیانیی رۆژی هەینی لە بەرامبەر ئازادکردنی 50 بارمتەی ئیسرائیلی چووە واری جێبەجێکردنەوە، سوپای ئیسرائیل دەست بە هێرشەکانی دەکاتەوە، هەروەها پێشبینیی کرد کە جەنگەکە لانیکەم دوو مانگی دیکە دەخایێنێت.
ئەبو عوبەیدە دەڵێت، ئەوەی بۆ ئاگربەستەکە رێککەوتنی لەسەر کراوە، هەمان ئەو شتەیە کە حەماس پێش هێرشی زەوینی ئیسرائیل پێشنیاریدەکرد، بەڵام ئیسرائیل رەتیدەکردەوە و دەیگوت بەهێز بەدەستیدێنێت.
گوتەبێژی قەسام ئاماژە بەوە دەکات، تاکە رێگە لە بەردەم ئیسرائیل بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان، بریتییە لە ئاڵۆگۆڕکردنی بەندکراوان.
بە گوتەی ئەبو عوبەیدە، ئیسرائیل تاوەکو ئێستا لە هێرشەکانیدا "هیچ شتێکی بەدەستنەهێناوە جگە لە وێرانکاری، کۆمەڵکوژی و کوشتنی بارمتەکانی خۆی."
ئەبو عوبەیدە هەروەها باسی لەوە کرد کە ژمارەیەکی زۆری سەربازانی ئیسرائیل لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا کوژراون یان برینداربوون.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی، حەماس هەوڵدەدات رێککەوتنی ئاگربەست
"بۆ بلاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و جەنگی دەروونی بقۆزێتەوە."
هەگاری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "رێککەوتنەکە سەرەتایێکە بۆ گەڕانەوەی رفێندراوان و دواتر دەست بە شەڕ دەکەینەوە."
بە گوتەی هەگاری، لە ماوەی ئاگربەستەکەدا، هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لەنێو کەرتی غەززەدا بە درێژایی هێڵی ئاگربەست، بەردەوامدەبن لە هاتووچۆی نێوان خاڵە سەربازییەکان.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "هەموو یەکینەکانی سوپا کار لەسەر بەئەنجامگەیاندنی رێککەوتنی ئاڵۆگۆڕی دیلەکان دەکەن."
هەگاری لە بارەی سنووری باکووری وڵاتەکەیەوە لەگەڵ لوبنان باسی لەوە کرد، "دەکرێت لە هەر ساتێکدا شتێک لە بەرەی باکوورەوە رووبدات،" جەختیشیکردەوە کە ئەوان "بەهێزەوە" هیرشدەکەنە سەر ئەو شوێنانەی نێو سنووری لوبنان کە لێیانەوە هێرش دەکرێتە سەر ئیسرائیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ