لایەنەکانی تورکمان ترسی لەدەستدانی کورسییەکانیان هەیە لە پەرلەمانی کوردستان

25-10-2023
بەختیار قادر
بەختیار قادر
 کۆبوونەوەی 10 لایەنی سیاسیی تورکمان لە هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک کۆنسوڵ، نوێنەری وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان
کۆبوونەوەی 10 لایەنی سیاسیی تورکمان لە هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک کۆنسوڵ، نوێنەری وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

10 لایەنی سیاسیی تورکمان لە هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک کۆنسوڵ، نوێنەری وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە، ئامانج لە کۆبوونەوەکەیش پارێزگاريكردنە له سيستمى کۆتای پێکهاتەی توركمان له پەرلەمانی کوردستان. لایەنەکانی بەشداربوو پێیان وایە لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا، مەترسی کەوتووەتە سەر کورسییەکانیان.
 
مونا قەهوەچی، جێگری سکرتێری پارتی چاکسازیی تورکمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مەترسیمان هەیە دوای ئەو سکاڵایە، ستەم لە پێکهاتەکەمان بکرێت و کارێک بکرێت رێگری لە کاری سیاسیمان بکرێت و نەتەوەی تورکمان لە مافەکانی بێبەش بکرێت."
 
بڕیارە رۆژی 05-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەک کە لەدژی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە، کۆببێتەوە، ئەگەر بڕیاری دادگە لە بەرژەوەندیی ئەوان نەبێت، لایەنە تورکمانەکان دەڵێن، بێ دەنگ نابن و کاردانەوەیان دەبێت.
 
سامی شەبەک، ئەمینداری گشتیی کۆمەڵەی لیبڕاڵی تورکمان باس لەوە دەکات، "هەڵوێستی جدیمان دەبێت و ناڕەزاییەکانمان لە ئەگەری بڕیاری دادگە لە دژمان، پەنا دەبەینە بەر شەقام و خۆپێشاندان."
 
سارا دڵشاد، ئەندامی حیزبی پارتی دیموکراتی تورکمان، "هەموو نوێنەرانی وڵاتانی لێ ئاگادار دەکەینەوە و هەڵوێستی جددی لە سەری وەردەگرین [ئەگەر دادگەی فیدراڵی لەدژی ئەوان بڕیاری دا]."
 
نوێنەری یونامی و نوێنەری کۆنسوڵخانەکان، تەنیا گوێگر بوون و هیچ قسەیەکیان نەکرد. کۆبوونەوەکەش بە راگەیێندراوێکی 6 خاڵی کۆتاییهات. 
 
حیزبەکانی تورکمان نەیانتوانیوە هەموو تورکمانەکان لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە، بەشێک لە تورکمانەکان بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی کورسیی کۆتاکان هەیە.
 
خالید کەمال، سەرتاش دەڵێت، "پێم باش نییە تورکمان بە کورسیی کۆتا بچێت، چونکە هەر ئەو سێ چوار کەسە دەبن کە ئێستا هەن و کۆتا نەبێت، من خۆم بەربژێر دەکەم، دەبینی وەزنم زۆرە و بە قەد وەزنی خۆم دەنگم نەهێنا، هەولێر جێدەهێڵم."
 
لەكۆی 111 كورسیی پەرلەمانی کوردستان، له‌ ساڵی 2009 كورسیی کۆتا بۆ پێكهاتەكان دیاریكراوە، 5 کورسی بۆ تورکمان و 5ـی دیکەش بۆ کریستیانەکان و 1 کورسیش بۆ ئەرمەنەکانە، كورسیی پێكهاته‌كان یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ ناكۆكه‌كانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هەرێمی کوردستان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە