رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای حەماس دەڵێت، "هیچ پاشماوەیەک" لەو مووشەکە نەماوە، کە هەفتەی رابردوو لە غەززە بەر نەخۆشخانەی مەعمەدانییە کەوت و بووە هۆی کوژرانی سەدان کەس. حەماس، ئیسرائیل بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکات و ئیسرائیلیش دەیخاتە ئەستۆی گرووپی جیهادی ئیسلامی.
ئیسرائیل ژمارەیەک زانیاریی هەواڵگریی بڵاوکردەوە، گوایە دەیسەلمێنن ئیسرائیل هێرشەکەی نەکردووە، بەڵکو مووشەکێکی گرووپی جیهادی ئیسلامی کە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە، کێشەی تێکەوتووە و ئاراستەی گۆڕیوە؛ ئەمریکای هاوپەیمانیشی، پشتیوانی لەو گێڕانەوەیە دەکات. هەرچەندە ژمارەیەک میدیا و ناوەندی لێکۆڵینەوە گومان دەخەنە سەر راستی و دروستیی بەڵگەنامەکانی ئیسرائیل و دەڵێن، دژبەیەکییان تێدایە.
هەروەها لە چرکەساتەکانی دوای هێرشەکە، بەرپرسێکی ئیسرائیلیی نزیک لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەرپرسیاریەتیی وڵاتەکەی لە هێرشەکە دەربڕی، بەڵام دوای دەنگدانەوەی قەبارەی کارەساتەکە و کاردانەوەی تووندی سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی، پۆستەکەی سڕییەوە.
بەڵام حەماسیش تائێستا هیچ بەڵگەیەکی نەخستووەتەڕوو کە پێشانی بدات ئیسرائیل هێرشەکەی کردووە.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی باس لەوە دەکات، بەرپرسێکی باڵای حەماس بەناوی غازی حەمەد پێی راگەیاندووە، مووشەکەکە "وەکو خوێی ناو ئاو تواوەتەوە. بووەتە هەڵم. هیچی نەماوە."
سەلامە مەعرووف، بەرپرسی میدیایی حکومەتی حەماس، لە نامەیەکدا بە رۆژنامە ئەمریکییەکەی گوتووە، "کێ گوتوویەتی دەبێت ئێمە پاشماوەی هەموو مووشەکێک کە خەڵکەکەمان دەکوژێت، بخەینەڕوو؟ دەتوانن خۆتان بێن، لێکۆڵینەوە بکەن و لەو بەڵگانەی کە ئێمە هەمانە، پشتڕاست ببنەوە."
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، مووشەکەکە دوای هاویشتنی لەلایەن جیهادی ئیسلامییەوە، بە ئاسمانەوە تێکچووە و ئاراستەی گۆڕاوە و بەر نەخۆشخانەکە کەوتووە.
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رۆژی 18ی تشرینی یەکەم گوتی، "بەگوێرەی زانیاریی هەواڵگریمان، حەماس لێکۆڵینەوەی کردبوو و زانیبووی مووشەکی جیهادی ئیسلامی تێکچووە، بۆیە بڕیاریدا هەڵمەتێکی میدیایی جیهانی رابگەیێنێت بۆئەوەی راستییەکان پەردەپۆش بکات."
گوتەبێژی سوپاکە هەروەها رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەکەوە، 550 مووشەکی گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکان بە هەڵە لەنێو خاکی خۆیاندا کەوتوونەتە خوارەوە. حەماس و هیچ سەرچاوەیەک ئەم زانیارییانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
موسعەب برەیم، گوتەبێژی جیهادی ئیسلامی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، "ئێمە هەڵەمان کردووە، نکوڵی لەوە ناکەم، بەڵام نەک بەم قەبارەیە."
نیویۆرک تایمز دەڵێت، ئیسرائیلیش رازی نەبووە تۆمار و نەخشەی چالاکییە سەربازییەکانی کاتی هێرشەکەی بخاتەڕوو و روونیشی نەکردووەتەوە کە پشتی بە چ ڤیدیۆیێک بەستووە بۆئەوەی فەلەستینییەکان بەو هێرشە تۆمەتبار بکات.
هەروەها زانیارییەکانی ئیسرائیل لەبارەی شوێنی هاویشتنی مووشەکەکەوە دژبەیەکیی تێدایە؛ دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی، مووشەکە وێڵەکە لە گۆڕستانێکی نزیک نەخۆشخانەکەوە هاوێژراوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل نەخشەیەکی بڵاوکردەوە، کە پێچەوانەی قسەی گوتەبێژەکەی، پێشانی دەدات شوێنەکە لەوێوە دوورە.
هەرچەندە واشنتن پشتیوانی لە گێڕانەوەکەی ئیسرائیل دەکات، بەڵام تائێستا هیچ بەڵگەیەکی بۆ رای گشتیی جیهانی ئاشکرا نەکردووە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە لێکۆڵینەوەیەکدا بە هێزەوە پشتگیری لە لێکدانەوەکەی ئیسرائیل دەکات، هەروەها ئاژانسی هەواڵیی ئەسۆشیەیتد پرێس و کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکیش تاڕاددەیەک قسەکانی ئیسرائیل بە راست دەزانن.
بەڵام ناوەندی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی Forensic Architecture، کە بنکەکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، بە وردبوونەوە لە وێنە و ڤیدیۆکان دەڵێت، لێکدانەوەکەی ئیسرائیل هەڵەیە و مووشەکەکە لە ئیسرائیلەوە ئاراستەی شوێنەکە کراوە.
هەروەها کەناڵ چواری بەریتانی کە سەر بە حکومەتەی بەریتانیایە، بەڵام داهاتەکەی سەربەخۆیە، لە راپۆرتێکدا بە پشتبەستن بە پسپۆڕانی بواری زمانەوانی، بەشێکی بەڵگەکانی ئیسرائیلی بە ناڕاست دانان.
سوپای ئیسرائیل لەدوای کارەساتەکە، تۆمارێکی دەنگیی بڵاوکردەوە، گوایە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان دوو چەکداری حەماسدا، کە دزەی پێکراوە، دوو کەس بە عەرەبی قسە دەکەن و بە یەکدی دەڵێن کە مووشەکەکە لەلایەن جیهادی ئیسلامییەوە هاوێژراوە.
بەڵام راپۆرتەکەی کەناڵە بەریتانییەکە، ئاماژە بەوە دەکات، شارەزایانی بواری زمانەوانی دەڵێن، دەربڕین و دەنگ و شێوازی ئاخافتنی دوو قسەکەرەکەی ئەو تۆمارە دەنگییە، لە زمانی کەسێکی عەرەب ناچێت.
هەر ئەو کەناڵە لە راپۆرتێکی دیکەیدا باسی لەوە کرد، تۆماری دەنگیی دوو قسەکەری نێو تۆمارە دەنگییەکە لە دوو شوێنی جیا تۆمار کراون و بە کۆمپیوتەر دەستکاری کراون و لەنێو یەک تۆماردا دانراون.
هەروەها کەناڵی جەزیرەی قەتەری بە پشتبەستن بە ڤیدیۆی پەخشی راستەوخۆی ساتی هێرشەکە، دەڵێت گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو مووشەکەی ئیسرائیل دەڵێت مووشەکی جیهادی ئیسلامییە و بەر نەخۆشخانەکە کەوتووە، لەلایەن بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلییەوە تەقێندراوەتەوە. کەناڵە عەرەبییەکە بە رەخنەگرێکی ئاشکرای سیاسەتەکانی ئیسرائیل دەناسرێت.
هەروەها هانانیە نەفتالی، راوێژکاری بواری دیجیتاڵیی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، چەند خوولەکێک دوای هێرشەکە، پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و تێیدا باسی لەوە کرد، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل نەخۆشخانەکەی بۆردوومان کردووە، چونکە پێی وابووە چەکداری حەماسی تێدابووە.
هانانیە نووسیبوی، "هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بنکەیەکی تیرۆرستیی حەماسیان لەنێو نەخۆشخانەیەکی غەززەدا کردە ئامانج،" بەڵام دوای چەند کاژێرێک، پۆستەکەی سڕییەوە و لە پۆستێکی دیکەیدا گوتی، "هەواڵی رۆیتەرز"ی بڵاوکردووەتەوە "کە بە هەڵە دەڵێت، ئیسرائیل لە نەخۆشخانەیەکی داوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ