رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
بەندەری ئیلات لە باشووری ئیسرائیل، کە مقاوەمەی ئیسلامی دەڵێت هێرشی کردووەتە سەر ئەو دەوروبەرە. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
گرووپی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەڵێت، هێرشی کردووەتە سەر "ئامانجێکی گرنگی" نێو دەریای نێوەڕاست و ئامانجەکەی پێکاوە.
ئەو گرووپە شیعییە کە لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە، بەرپرسیارێتیی خۆی لە دەیان هێرشی سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل راگەیاندووە، بەڵام یەکەمجارە باسی هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی نێو دەریای نێوەڕاست بکات.
گرووپەکە رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا لە تەلەگرامەکەیەوە رایگەیاند، "چەند رۆژێک لەمەوبەر، موجاهیدەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، بە چەکی گونجاو، هێرشیان کردە سەر ئامانجێکی گرنگی نێو دەریای نێوەڕاست و راستەوخۆ ئامانجەکەیان پێکا."
گرووپەکە لەو راگەیێندراوەدا روونی نەکردووەتەوە کە ئەو ئامانجەی باسی دەکەن چییە، هەروەها هیچ ئاماژەیەکیشی نەداوە کە ئایا سەر بە ئیسرائیل بووە یان ئەمریکا، بەڵام دەڵێت هێرشەکە "وەڵامێک بووە بۆ ئەو رەشەکوژیەی کە قەوارەی ستەمکار دژی خەڵکی سڤیلی فەلەستین دەیکات." دەشڵێت، "لە لێدان لە پێگەکانی دوژمن بەردەوام دەبین."
لە دوای جەنگەکەوە کە لە 7ی تشرینی یەکەم دەستیپێکردووە، ئەمریکا سێ کەشتیی جەنگی لە نزیک کەناراوەکانی ئیسرائیل لە دەریای نێوەڕاست جێگیرکردووە بۆ ئەوەی رێگری لە فراوانبوونی جەنگ بکات، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا باسی لە هەبوونی هیچ هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی لە دەریای نێوەڕاست نەکردووە.
راگەیێندراوەکەی مقاوەمەی ئیسلامی دوای ئەوە هات کە هەر لە رۆژی هەینی، رایگەیاندبوو، بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر شاری ئیلاتی باشووری ئیسرائیل.
ئیسرائیل بە فەرمی هیچی لە بارەی ئەو هێرشەوە نەگوتووە، بەڵام میدیای ئیسرائیلی باس لەوە دەکات کە ئوردن لە سنووری ئاسمانیی خۆیدا، درۆنێکی خستووەتە خوارەوە.
ئەوە دووەمجار بوو گرووپەکە رایبگەیێنێت کە هێرشی کردووەتە سەر ئیلات. یەکەمینیان مانگی رابردوو، کاتێک کە گرووپەکە گوتی، "پێگەی دوژمن"یان بەئامانجکردووە.
هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا لە 17 تشرینی یەکەمەوە، لانیکەم 102 جار هێرشیان کراوەتەسەر. گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی بەرپرسیارێتیی خۆی لە نزیکەی هەموو ئەو هێرشانە دەربڕیوە.
ئەو هێرشانەی کە گرووپەکە رۆژی هەینی باسیکردن، هاوکاتن لەگەڵ پەکخستنی رێڕەوە بازرگانییەکانی دەریای سوور لە لایەن حوسییەکانی یەمەنەوە، کە گرووپێکی دیکەی لایەنگری ئێرانن و بەڵێنیان داوە هێرش بکەنە سەر هەر کەشتیێک کە بەرەو ئیسرائیل بڕوات.
پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، رۆژی پێنجشەممە گوتی، زیاتر لە 20 وڵات رازیبوون بچنە نێو هاوپەیمانیێکەوە کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات، بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ