رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، کەلێنی نێوان لایەنەکان لە گفتوگۆی ئاگربەستی غەززەدا، "لە بچووکبوونەوەدان." دەشڵێت، هەڵەیە ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر رەفەح.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر لە قاهیرە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قسەیکرد.
بلینکن گوتی، ئەمریکا "بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ رێککەوتن لە دەوحە." ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنی ئیسرائیل و حەماس لەسەر وەستاندنی جەنگ "زەحمەتە،" بەڵام "دەکرێت رووبدات."
وەکو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی کرد، "100٪ی دانیشتووانی غەززە بە نەبوونیی تووندی ئاسایشی خۆراکدا تێدەپەڕن،" بەو واتایەی کە بە دەگمەن خۆراکیان دەستدەکەوێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، نووسینگەی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئۆچا) هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر جەنگ نەوەستێنرێت، لە ماوەیەکی نزیکدا ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە غەززە بەهۆی نەبوونی خۆراکەوە گیان لەدەستدەدەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها گوتی، "نابێت منداڵان لە غەززە بەهۆی بەدخۆراکییەوە بمرن." لە کاتێکدا کەمخۆراکی لە چەند بەشێکی ئەوناوچە فەلەستینییەدا قاتوقڕی تێپەڕاندووەوە و گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدارتر.
بلینکن هۆشداریشیدا کە "هەڵە دەبێت" ئەگەر ئیسرائیل هێرشی زەمینی بەرفراوان بکاتە سەر شاری رەفەحی باشووری کەرتی غەززە و دەڵێت، ئەو هێرشە "پێویست نییە."
بلینکن وردەکاریی زیاتری نەگوت، بەڵام رایگەیاند، جگە لە هێرش، "رێگەیەکی باشتر بۆ رزگاربوون لە دوورخستنەوەی هەڕەشە بەردەوامەکانی حەماس هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ