ئیسماعیل هەنییە دەڵێت لە رێککەوتن نزیکن لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئازادکردنی بارمتەکان

21-11-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی مەکتەب سیاسیی بزووتنەوەی حەماس راگەیاند، نزیکن لەوەی لەگەڵ ئیسرائیل بگەنە رێککەوتن بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتە لە بەرامبەر ئاگربەستێکی کاتی. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەب سیاسیی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، حەماس وەڵامی خۆی لە رێگەی نێوەندگیرە قەتەرییەکانەوە بە ئیسرائیل گەیاندووە، بەڵام لە روونکردنەوەکەیدا کە بە میدیای جیهانی داوە، هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەسەر نێوەڕۆکی رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە نەداوە. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە رەزامەندیی لەسەر رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان پێشانداوە و چاوەڕێی وەڵامی حەماسن. 
 
هەروەها جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند "بڕوای وایە رێککەوتنێک نزیکە". 
 
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رۆژی دووشەممە گوتی: "بەراورد بە رابردوو، ئێمە ئێستا لە رێککەوتنێک نزیکین کە رێگە بە ئازادکردنی بارمتەکان و وەستاندنی شەڕ دەدات بۆ ئەوەی یارمەتیی مرۆیی پێویست بگاتە غەززە". 
 
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، حەماس لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمدا، نزیکەی 240 کەسی بە بارمتە گرتووە. 
 
کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور رایگەیاند، میریانا سپۆلیاریج، سەرۆکی رێکخراوەکە رۆژی دووشەممە لە قەتەر لەگەڵ هەنییە کۆبووەتەوە "بۆ بەرەوپێشبردنی پرسە مرۆییەکان"ی پەیوەست بە ململانێکە. 
 
خاچی سوور گوتی، ئەوان بەشێک نین لەو رێککەوتنەی کە هەوڵدەدرێت بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بکرێت، بەڵام وەک نێوەندگیرێکی بێلایەن ئامادەیە "ئاسانکاری" بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە داهاتوودا بکات دوای ئەوەی کە لایەنەکان لەسەری رێکدەکەون.
 
هەفتەی رابردوو، رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە قەتەر هەوڵدەدات ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستێکی سێ رۆژی بەرامبەر ئازادکردنی 50 بارمتە، رازیبکات. 
 
مایکڵ هێرزۆگ، باڵیۆزی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە بە میدیای ئەمریکیی راگەیاند، هیوایان وایە "لە چەند رۆژی داهاتوودا" بگەنە رێککەوتن، هەروەها شێخ محەممەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی رایگەیاند کە ئەو خاڵانەی هێشتا لەسەری رێکنەکەوتوون "زۆر بچووکن."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە