رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
لە تەلئەڤیڤ وێنەی ئەو کەسانە هەڵواسراوە کە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر لەلایەن حەماسەوە رفێندران. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
قەتەر کە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان نێوەندگیری لە نێوان ئیسرائیل و حەماس دا دەکات، دەڵێت "لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا" ژمارەیەکی دیکەی بارمتە و دیلە ئیسرائیلییەکان ئازاد دەکرێن.
قەتەر رۆڵێکی سەرەکیی بینی لە ئازادکردنی دوو بارمتەی ئەمریکی کە رۆژی هەینی لەلایەن حەماسەوە ئازادکران. دەوحە دەڵێت، "لەگەڵ ئیسرائیل و حەماس لە دانوستاندنی بەردەوامدایە".
ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رۆژی شەممە بە چاپەمەنیی ئەڵمانیای گوت: "ناتوانم بەڵێن بدەم کە ئەمڕۆ، سبەی یان دووسبەی چی روودەدات. بەڵام رێچکەیەکمان گرتووەتە بەر کە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا دەبێتە هۆی ئازادکردنی بارمتەکان، بەتایبەتیش سڤیلەکان."
ئەنساری گوتیشی: "ئێمە ئێستا کار لەسەر رێککەوتنێک دەکەین بۆ ئەوەی سەرەتا هەموو بارمتە سڤیلەکان ئازادبکرێن."
ئیسرائیل دەڵێت، "حەماس لە دوای هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی بۆ سەر ئیسرائیل، 203 کەسی بە دیل گرتووە، کە هاووڵاتییانی وڵاتەکانی دیکەشیان لەنێودان".
لەو هێرشەدا لانیکەم هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران کە بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیلی، بەشی هەرە زۆریان خەڵکی سڤیل بوون.
ئیسرائیل بە بۆردوومانی چڕ بۆ سەر کەرتی غەززەی ژێر کۆنترۆڵی حەماس، وەڵامی هێرشی گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکەی داوەتەوە، کە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 4 هەزار و 385 کەسی سڤیل کە بەشی هەرە زۆریان منداڵ و ژنن، ئەمە بە پێی وەزارەتی تەندروستیی غەززە.
ئەنساری گوتی، ئازادکردنی ئەو دوو ئەمریکییە "بۆ ئێمە و هاوبەشەکانمانی سەلماند کە هەوڵەکانی چەند رۆژی رابردوو بەرهەمدارن و پێویستە بەردەوام بن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ