رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەنقەرە و بەغدا کاری سەرەتاییان تەواو کردووە بۆ ئەوەی لە سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیادا بۆ عێراق، زیاتر لە بیست رێککەوتن واژۆ بکەن.
رۆژی هەینی لە ئیستەنبووڵ، هاکان فیدان بە رۆژنامەڤانانی گوت: "هیوادارین سبەی ئەم رێککەوتنانە بە ئامادەیی سەرکردە سیاسییەکان ئەم رێککەوتنانە واژۆبکرێن."
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد، ماوەیەکی درێژە هەردوو وڵات هەوڵدەدەن لە بواری ئەمنی، وزە، کشتوکاڵ، تەندروستی و پەروەردەدا رێککەوتن واژۆبکەن.
فیدان گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە پەیوەندیێکمان هەبێت کە رێگە بۆ سەقامگیری، خۆشگوزەرانی و گەشەی هەرێمیی بکاتەوە، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان بەو شێوەیە بەدامەزراوەیی بکەین و هەموو هەوڵێکمان بۆ گەشەکردن و خۆشگوزەرانیی ناوچەکە بدەین."
ئەردۆغان سبەی سەردانی هەولێریش دەکات، دوای ئەوەی کە لە بەغدا لەگەڵ عەبدوللـەتیف رەشید، سەرۆککۆمار و محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە جیا کۆدەبێتەوە.
کۆبوونەوەکان دوای ئەوە دێن کە مانگی ئاداری ئەم ساڵ فیدان، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری، ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای میت و مونیر کارالئۆغلۆ، جێگری وەزیری ناوخۆی تورکیا سەردانی بەغدایان کرد.
لەو سەردانەدا، هەردوو لا رێککەوتن هاوئاهەنگی ئەمنیی لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پەیوەندییەکانیان لە بواری وزە، کشتوکاڵ، ئاو، تەندروستی و گواستنەوەدا زیادبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ