حەماس دوو بارمتەی ئەمریکی ئازاد دەکات

20-10-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا ئازادکردنی دوو هاووڵاتیی ئەمریکی لە لایەن حەماسەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە لە هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەم بۆ سەر ئیسرائیل بە بارمتە گرتبوونی. 
 
رۆژی هەینی، 20-10-2023، ئەبوعوبەیدە، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی رایگەیاند، لەسەر بنەمای مرۆیی، دایک و کچێکی ئەمریکیان ئازادکردووە بۆ ئەوەی "بۆ خەڵکی ئەمریکا و جیهانی بسەلمێنن کە بانگەشەکانی بایدن و ئیدارە فاشیستەکەی ناڕاست و بێ بنەمان."
 
لەو بارەیەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەمڕۆ ئازادکردنی دوو هاووڵاتیی ئەمریکیمان مسۆگەرکرد کە لەلایەن حەماسەوە لە کاتی هێرشە تیرۆریستییە تۆقێنەرەکەی دژی ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەم بە بارمتە گیرابوون."
 
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "هاووڵاتییەکانمان لە 14 رۆژی رابردوودا بە نەهامەتییەکی سەختدا دەربازبوون؛ زۆر دڵخۆشم کە لە ماوەیەکی نزیکدا دەگەڕێنەوە نێو خێزانەکانیان."
 
ئەمە یەکەمین جارە لە دوای شەڕەکەوە حەماس بارمتە ئازاد بکات. 
 
ئەبو عوبەیدە ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دوو بارمتەیە بە نێوەندگیریی قەتەر ئازادکراون. ئیسرائیل ئازاکردنیانی پشتڕاستکردووەتەوە. 
 
بایدن دەڵێت، "لە ساتەکانی سەرەتای ئەم هێرشەوە 24 کاژێر کارمان کردووە تاوەکو ئەو هاووڵاتییانەی حەماس بە بارمتە گرتبوونی، ئازادیان بکەین و لە هەوڵەکانیشماندا نەوەستاوین بۆ ئازادکردنی ئەوانەی کە هێشتا دەستبەسەرن." 
 
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، "سوپاسی حکومەتی قەتەر و حکومەتی ئیسرائیل دەکەم بۆ هاوبەشبوونیان لەم کارەدا،" جەختیش دەکاتەوە کە ئەوان "ناوەستن" تاوەکو هەموو بارمتەکانی دیکە دەگەڕێننەوە وڵاتی خۆیان. 
 
سوپای ئیسرائیل پێشتر، هەر رۆژی هەینی رایگەیاندبوو، زۆربەی دیل و بارمتەکانی دەستی حەماس زیندوون. 
 
مارک رێگیڤ، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە میدیای ئەمریکی گوت، "هەڵسەنگاندنی ئێمە ئەوەیە کە ئەوان زیندوون و چاوەڕێی ئێمە دەکەن. بۆ هێرشی ئیسرائیل ئامادەن."
 
بە گوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جودیت تای رەعنان و ناتالی شۆشانا رەعنانی کچی لە ناوچەی نەحال عۆز لە دەوروبەری غەززە بە بارمتە گیرابوون. 
 
رۆژی هەینی، لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سووریش رایگەیاند، کە ئەوانیش لە ئازادکردنیاندا رۆڵیان هەبووە. 
 
رێکخراوەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە ئاسانکاریکردن بۆ ئازادکردنیان یارمەتیدەربوو، ئەوەش لە رێگەی گواستنەوەی بارمتەکان لە غەززەوە بۆ ئیسرائیل."
 
رۆژی 7-10-2023 حەماس هێرشیکردە سەر باشووری ئیسرائیل و بە گوێرەی میدیای ئەو وڵاتە، 203 هاووڵاتی وەک بارمتە لای حەماس دەستبەسەرن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە