رووداو - هەولێر
عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان دەڵێت، رۆژی هەینی تەواوکەری مانگی رەمەزانە و شەممە یەکەم رۆژی جەژن دەبێت؛ هاوکات عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، رۆژی شەممە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-4-2023، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لەبارەی دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ رایگەیاند، " بەهۆی ئەوەی لەدوای ئاوابوونی خۆرەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ـی رەمەزان، مانگ نەبینراوە، بۆیە رۆژی هەینی تەواوکەری مانگی پیرۆزی رەمەزان دەبێت و رۆژی شەممە دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز." بەو راگەیاندنە، ئەمساڵ شیعەکانی عێراق 30 رۆژ بەڕۆژوو دەبن.
هاوکات هەر ئەمڕۆ وەقفی سوننەی عێراق کە لایەنێکی فەرمیی سوننەکانی عێراقە بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی 21ـی نیسانی 2023، یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەبێت. هەر ئێوارەی ئەمڕۆ، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستانیش رۆژی هەینی بە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دیاریکرد. بەو جۆرەش سوننەکانی باشووری کوردستان و عێراق سبەی دەکەنە یەکەم رۆژی جەژن.
هەرچەندە ئەمساڵ سوننە و شیعەی عێراق پێکەوە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانیان دیاریکرد، بەڵام لە دیاریکردنی جەژندا جیاوازن.
لە ئێرانیش نووسینگەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی هەینی بە تەواوکەری مانگی رەمەزان دیاریکرد و رایگەیاند، "رۆژی شەممە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز دەبێت."
موسڵمانان بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان پشت بە بینینی مانگ دەبەستن و لە 29ـیەمین رۆژی رەمەزان چاودێری بینینی مانگ دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ