سوپای ئیسرائیل: ئەم مانگە بە 60 درۆن لە عێراق و لوبنانەوە هێرش کراوەتە سەر وڵاتەکەمان

دوێنێ کاژێر 11:12
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە 60 درۆن لە عێراق و لوبنانەوە هێرش کراوەتە سەر وڵاتەکەیان.
 
رۆژی 12ی تشرینی دووەمی 2024، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەو 60 درۆنە 90%یان لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە خراونەتە خوارەوە.
 
سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوەش دەکات، لە دەستپێکی جەنگی غەززەوە بە زیاتر لە 1300 درۆن لە عێراق، لوبنان، غەززە، یەمەن، سووریا و ئێرانەوە هێرش کراوەتە سەر خاکی وڵاتەکەیان.
 
دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵدا سەرنجی هێرشەکانی خستە سەر حیزبوڵڵای لوبنان، گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش کە خۆیان بە موقاوەمە دەناسێنن، هێرشەکانیان دژی ئیسرائیل زیاد کرد. دوایین هێرشی ئەو گرووپانە ئەمڕۆ بوو کە بەگوێرەی راگەیێندراوێکیان، ئامانجێکی "گرنگیان" لە باکووری ئیسرائیل پێکاوە.
 
کاریگەرترین هێرشی (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) بۆ سەر ئیسرائیل رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بوو، کاتێک لە هێرشێکی درۆنیی ئەو گرووپانەدا بۆ سەر بەرزاییەکانی گۆلانی سووریا دوو سەربازی ئیسرائیلی کوژران و 24ی دیکەش بریندار بوون.
 
لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023وە ئیسرائیل لەگەڵ هەریەک لە حەماسی فەلەستینی، حیزبوڵڵای لوبنانی و حووسییەکانی یەمەن لە جەنگدایە.
 
ئێران دوو جار هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل و ئیسرائیلیش جارێک هێرشیکردووەتە سەر ئێران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە