ژنێک کرایە بەڕێوەبەری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا

19-01-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن باربارا لیف رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
باربارا لیف، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ئیمارات بووە بەڕێوەبەری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە  ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا.
 
لیف دەبێتە یەکێک لە کارمەندەکانی برێت مەکگۆرک کە لە سەرەتای ئەمساڵ وەکو هاوئاهەنگیکاری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە ئەنجوومەنەکە دەستنیشانکرا.
 
باربارا لە  2014 تاوەکو 2017 باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە ئیمارات، تەمەنێکی لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکردووە، ماوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرپەرشتی مەلەفی کاروباری نیمچەدوورگەی عەرەبی و عێراقی کردووە، یەکەمین بەڕێوەبەری ئۆفیسی کاروباری تایبەت بە ئێرانیش بووە.
 
باربارا لە وڵاتانی ئیسرائیل، میسر و تونس خزمەتی بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کردووە. دوای ئەوەی لە 2018دا حکومەتی بەجێهێشت، پەیوەندی بە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک کرد، لەوێوە بە تێروتەسەلی پەیوەندییەکانی ئەمریکای لەگەڵ ئیمارات خستەڕوو، کە هاوپەیمانێکی گەورەی ئەمریکایە لە کەنداو، 
 
توێژینەوە و لێکدانەوەکانی باربارا لە نزیکبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی لە ئیسرائیل سوودیان لێوەرگیراوە، ئەم ژنە لە هەژموونی دیپلۆماسی ئەمریکا لە عێراقیش رۆڵی بینیوە. 
 
چەند بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرابکرێت دەڵێن باربارا کار لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دەکات.
 
دەستنیشانکردنی ئەم ژنە شارەزایە لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەکاتێکدایە، بایدن پەیمانیداوە ئەمریکا لە شەڕی یەمەن بکشێێتەوە و پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا بکات، ئەمەش باربارا لیف دەخاتە پێگەیەکی هەستیار و چارەنووسساز لە بڕیاردان لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندیان بە دۆخی ناوچەکە هەیە.
 
باربارا لیف
 
- بەڕێوەبەری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی. 
- باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ئیمارات.
- جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری نیمچە دوورگەی عەرەبی.
- جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری عێراق.
- یەکەمین بەڕێوەبەری ئۆفیسی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوە.
- توێژەر لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک.
- ماستەر لە پەیوەندییەکانی دەرەوە لە زانکۆی ڤێرجینیا.
- زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی، فەرەنسی، ئیتاڵی و کڕواتی دەزانێت.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بانکی جیهانی: جەنگ زیانی 8 ملیار دۆلاری بە لوبنان گەیاندووە.

بانکی جیهانی دەڵێت نزیکەی 100 هەزار خانوو و شووقە لە لوبنان وێران بوون

باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لەنێوەڕاستی بەیرووت لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج. بەگوێرەی بانکی جیهانی، لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکە، 99 هەزار و 209 خانوو و شووقە وێران بوون یان زیانیان بەرکەوتووە.