نەتەوە یەکگرتووەکان: بەشێکی ئەو لوبنانیانەی چوونەتە سووریا ژیانیان دەخەنە مەترسیەوە و دەگەڕێنەوە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت، دۆخی سووریا هێندە خراپە کە بەشێک لەو لوبنانیانەی لە ترسی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا پەنایان بردووەتە بەر سووریا، ناچاربوون ژیانیان بخەنە مەترسییەوە و بگەڕێنەوە لوبنان. 
 
گۆنزالۆ ڤارگاس، نوێنەری ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا دەڵێت: "خێزانە لوبنانییەکان بڕیارێکی زۆر سەخت دەدەن کە رەنگە ژیانیان بخاتە مەترسییەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە لوبنان."
 
ڤارگاس رۆژی هەینی لە سنووری نێوان سووریا و لوبنانەوە لە رێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە قسەی بۆ رۆژنامەڤانانی جنێڤ کرد و گوتی: "ئەوان ژمارەیەکی زۆر زۆر کەمن، بەڵام بۆ ئێمە، تەنانەت ژمارەی کەمیش نیشانەی نیگەرانکەرە."
 
UNHCR مەزەندە دەکات لە کۆتایی ئەیلوولەوە، نزیکەی 560 هەزار کەس لە لوبنانەوە بە هۆی جەنگەوە چووبنە لوبنان. 
 
حکومەتی لوبنان ئامارێکی زیاتری راگەیاندووە و ژمارەکەی بە 610 هەزار کەس داناوە. 
 
ڤارگاس دەڵێت، نزیکەی 65٪ی ئەوانەی دەچنە سووریا، ئەوانەن کە لە بنەڕەتدا سووریایین و بەهۆی جەنگی نێوخۆی وڵاتەکەی پەنایانبردبووە بەر لوبنان. 
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە نێونەتەوەییە، لە ساڵی 2017ـەوە تاوەکو 23ی ئەیلوولی ئەم ساڵ، نزیکەی 400 هەزار سووریایی لە لوبنانەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان. 
 
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات لە دوای فراوانبوونی جەنگی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل، واتە لە کۆتایی ئەیلوولەوە، نزیکەی 150 هەزار هاووڵاتی لوبنانی گەیشتوونەتە سووریا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە