رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی جەنگی غەززە لە زیادبووندان، ئێران رۆژی شەممە، دوو سیستمی بەرگریی نوێی خستنەڕوو.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی ئێران رایگەیاند، "سیستمی ئارمانی دژە مووشەکی بالیستیی و سیستم بەرگریی ئاسمانیی ئازارەخش لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە دروستکراون."
ئاشکراکردنی ئەو دوو جۆرە چەکە، هاوکاتە لەگەڵ بە لووتکە گەیشتنی گرژییە هەرێمییەکان، لە کاتێکدا جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس پێدەنێتە مانگی پێنجەمییەوە.
تەنانەت پێش جەنگەکە، ئیسرائیل و ئێران نەیاری یەکدی بوون. ئیسرائیل بە تووندی دژایەتیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی دەکرد.
ساڵی 2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوایکرد، ئێران رووبەڕووی "هەڕەشەی سەربازیی راستەقینە" بکرێتەوە بۆ ئەوەی نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبێنێت.
تاران بەردەوام دووپاتیکردووەتەوە، کە ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دروستکردنی چەک نییە، بەڵکو تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتیانەی وەک بەرهەمهێنانی کارەبایە.
سیستمی مووشەکیی ئارمان، کە رۆژی شەممە پەردەی لەسەر هەڵدرایەوە، "مەودایێکی مامناوەند و بەرزایێکی زۆر دەبڕێت و دەتوانێت لە دووریی 180 کیلۆمەتر ئامانجەکانی بدۆزێتەوە و لە دووری 120 کیلۆمەتر لە نێویان ببات،" ئەمە وەک میدیای ئێران لە زاری محەممەدڕەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەوە باسی کرد.
میدیاکە ئاماژە بەوە دەکات، سیستمەکە دەتوانێت "لە یەک کاتدا بەرپەرچی شەش ئامانج بداتەوە،" لە کاتێکدا سیستمی بەرگریی ئازارەخش دەتوانرێت لەسەر بارهەڵگرەکان ببەسترێت و بگوازرێتەوە شوێنی جیاجیا.
ئازارەخش لە "رادارێک، سیستمێکی کارۆرۆناکی و هەستەوەری گەرمبین پێکدێت بۆ ئەوەی ئامانجەکان بدۆزێتەوە و شوێنیان بکەوێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ