رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
کۆگاکانی سووتەمەنیی کۆمپانیای ئەدنۆک کە حکومەتی ئیمارات دەڵێت، لەلایەن حوسییەکانەوە بە درۆن هێرشیان کراوەتەسەر. وێنە: AP
رووداو دیجیتاڵ
هێرشی درۆنیی حوسییەکان بۆ سەر ئیمارات کاردانەوەی تووندی هەرێمی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، وڵاتانی ناوچەکە سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد و بە "تیرۆرستی" ناویانبرد، ئەمریکاش وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشەکە، بەڵێنی سزادانی حوسییەکان دەدات.
رۆژی دووشەممە ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشی درۆنیی حوسیەکانی بۆ سەر ئەبوزەبی کرد و بە هێرشێکی "تیرۆرستی" پۆڵێنی کرد.
جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "حوسییەکان بەرپرسیاریێتیی خۆیان لەم هێرشە دەربڕیوە، ئێمەش کار لەگەڵ ئیمارات و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی سزایان بدەین."
هەروەها گوتیشی "پابەندبوونی ئێمە بە ئاساییشی ئیمارات پتەوە و ئێمە شان بە شانی هاوبەشە ئیماراتییەکانمان دەوەستینەوە دژی هەموو هەڕەشەیەک بۆ سەر خاکەکەیان."
هاوکات سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دان بەخۆیاندا بگرن.
ستێفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "هێرش بۆ سەر خەڵکی سڤیل و شوێنە سڤیلەکان بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی قەدەخەکراون."
لیز ترەس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش لە تویتێکدا رایگەیاند: "من بە تووندترین شێوە هێرشە تیرۆرستییەکانی حوسییەکان بۆ سەر ئیمارات سەرکۆنە دەکەم.".
لە هێرشە درۆنیەکانی حوسییەکان بۆ سەر ئەبوزەبی، سێ کەس کوژران و شەشی دیکەش بریندار بوون.
بەهۆی هێرشی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانەوە، سێ تانکەری سووتەمەنی لە نزیک کۆگایێکی نەوتی کۆمپانیای ئەدنۆک لە ئەبوزەبی تەقینەوە، لە ئەنجامدا دوو کەسی هیندی و یەکێکی پاکستانی گیانیان لەدەستدا، هەروەها لە شوێنێکی فڕۆکەخانەی ئەبوزەبی ئاگر کەوتەوە.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان رۆژی دووشەممە بەرپرسیاریێتیی خۆی لە هێرشەکان راگەیاند و داواشی لە خەڵکی سڤیل و بیانی کرد، "بۆ سەلامەتی خۆیان، خۆیان لە دامەزراوە گرنگەکان" لە نێو ئیماراتدا "بەدووربگرن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ