رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگری و سەرکردەیەکی هەرە باڵای سەربازیی ئەمریکا سەردانی تەلئەڤیڤ دەکەن تاوەکو حکومەتی ئیسرائیل هانبدەن شێوازی جەنگەکەی لە غەززە بگۆڕێت و هێرشەکانی سنووردا بکات، تاوەکو جەنگێکی گەورەتری هەرێمیی لێ نەکەوێتەوە.
سەردانەکەیان هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور، کە دەڵێن، لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی "دوژمنکاریی" ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کۆتایی دێت.
کەشتیی یو ئێس ئێس کارنی، یەکێکە لە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا کە سەر بە کەشتیگەلی هێرشبەری فۆرد-ـە، تەنیا لە رۆژی شەممەدا، "سەرکەوتووانە" وەڵامی 14 درۆنی دایەوە کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانەوە لە یەمەن هەڵدرابوون، ئەمە بە گوێرەی راگەیێندراوێکی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا. هاوکات، بەریتانیا رایگەیاند کە کەشتیێکی وێرانکەری سەربە هێزی دەریایی شاهانەی ئەو وڵاتە، درۆنێکی دیکەی خستووەتە خوارەوە کاتێک کە هەوڵیداوە هێرش بکاتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان.
ئەوانە تەنیا بەشێک بوون لە زنجیرەیەک هێرش کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمەوە، بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و هێزی دەریایی ئەمریکا لە دەریای سوور.
ئیسرائیل دەڵێت، تاوەکو حەماس لەنێونەبات، دەست لە بۆردوومانی چڕ و هێرشە زەوینییەکانی بۆ سەر غەززە هەڵناگرێت.
سەرکردە سەربازییەکانی ئەمریکا هەوڵدەدەن بە دوو رێگە رێگری لە فراوانبوونی جەنگەکە بکەن: یەکەم، بە هێشتنەوەی هێزێکی گەورەی سەربازی لە ناوچەکە؛ دووەم، بە هاندانی ئیسرائیل بۆ وازهێنان لە بۆردوومانی سەختی سەر غەززە.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری و ژەنەراڵ سی کیو براون، سەرۆکی سوپاسالارە هاوبەشەکانی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل دەکەن. هەردووکیان رۆڵی سەربازیی بەرچاویان لە سوپای ئەمریکادا هەبووە کاتێک کە ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق قۆناخ بە قۆناخ جەنگی گەورەی گۆڕیوە بۆ ئۆپەراسیۆنی "دژە تیرۆری" سنوردار، بەڵام روون نییە کە تا چەند حکومەتەکەی بنیامین نەتەنیاهوو گوێ بە ئامۆژگارییەکانیان دەدات.
سەردانەکە رەنگدانەوەی زیادبوونی هەوڵەکانی ئیدارەی جۆ بایدنە بۆ رازیکردنی ئیسرائیل بەوەی کە پێویستە هێرشەکانی خاوبکاتەوە، کە باکووری غەززەیان تەختی زەوی کردووە و بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس و کوژرانی زیاتر لە 18 هەزار و 700 کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن، وەک وەزارەتی تەندروستیی غەززە باسی دەکات.
ئیسرائیل "پشتیوانیی نێودەوڵەتی لەدەستدەدات"
دەستهەڵنەگرتنی ئیسرائیل لە ئاگربارانکردنی بەردەوامی غەززە وایکردووە کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری بە هاوپەیمانەکەی بدات لەوەی خەریکە بەهۆی "بۆمبارانی کوێرانە،" پشتیوانیی نێودەوڵەتی لەدەستدەدات.
بەرپرسانی ئەمریکا لە چەند هەفتەی رابردوودا بە ئیسرائیلییەکانیان گوتووە کە خەریکە پەنجەرەی دەرفەت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگە گەورەکەی، پێش لەدەستدانی پشتیوانیی زیاتر، دادەخرێت.
لە کۆبوونەوەیەکی رۆژی پێنجشەممەدا، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا داوای لە نەتەنیاهوو کرد کە لە بری بۆردوومان و تۆپبارانی بەرفراوان بۆ سەر غەززە، دەستبکەن بە ئۆپەراسیۆنی ئامانجدار کە تێیدا تیمێکی سەربازیی بچووک بە دوای چەند ئامانجێکی دیاریکراوی ئاستبەرزدا بڕوات، کە مەبەست لێی سەرکردەکانی حەماسە. بەڵام لە وەڵامی ئەوەدا، یۆواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی، ئەوان بۆ چەندین مانگی دیکە بەردەوامدەبن لە جەنگە گەورەکە.
هەموو ئەمانە لێکەوت و کاریگەرییان دەبێت بۆ هەزاران سەرباز و ژەنەراڵی ئەمریکی کە لە ناوچەکە جێگیرکراون.
رۆژی هەینی، ئۆستن دووبارە ماوەی مانەوەی کەشتیی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس جیراڵد فۆرد و یەکێکی دیکەی جەنگیی درێژکردەوە بۆ ئەوەی لە یەک کاتدا ئەمریکا دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری لە دەریای نێوەڕاستدا هەبن. واشنتن ئەو کەشتییانە بە گرنگ دەبینێت بۆ رێگریکردن لە ئێران تاوەکو نەتوانێت جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل بگۆڕێت بۆ جەنگێکی فراوانتری هەرێمی. لە بنەڕەتدا، بڕیاربوو ئەو 500 سەرباز و ئەفسەرەی لە کەشتیی فۆرد-دان، لە سەرەتای تشرینی دووەم بگەڕێنەوە ماڵەوە.
ئێستا 19 کەشتیی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەن، حەوت لەوانە لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاستن. ژماریەکی دیکەیان بەنێو دەریای سوور، دەریای عەرەب و کەنداودا بڵاوبوونەتەوە.
هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بوونەتە هۆی ئەوەی لانیکەم دوو کۆمپانیای کەشتیوانی، Hapag-Lloyd و Maersk بەشێوەیەکی کاتی، هاتوچۆ بەنێو گەرووی بابولمەندەبدا بوەستێنن.
گاڵانت لە بارەی رێگریکردنی حوسییەکان لە کەشتییەکان گوتی: "ئەمە کێشەیەکی جیهانییە کە کار دەکاتە سەر ئیسرائیلیش. ئێمە ئامادەین هەنگاو بنێین." گالانت لە بارەی ئەگەری هێرشکردنە سەر حوسییەکان، گوتی: "ئێمە دەزانین چی دەکەین. کاتێکی گونجاو دەدۆزینەوە بۆ هەنگاونان. ئێمە لە بابەتی دەریاگەریدا، دەرفەێک بە سیستمی نێودەوڵەتی دەدەین. ئەگەر ئێمە بژاردەی کۆتایی بین، ئەوا دەزانین چی دەکەین."
محەممەد عەبدولسەلام، گوتەبێژی حوسسیەکان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)دا دەڵێت، حوسییەکان بەردەوام دەبن لە بەئامانجکردنی ئەو کەشتییانەی کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە "تا ئەو کاتەی دوژمنکارییەکە دەوەستێت، گەمارۆی سەر غەززە هەڵدەگیرێت و یارمەتیی مرۆیی بۆ نێو کەرتی غەززە دەستپێدەکاتەوە."
بڕیارە ئۆستن سەردانی بەحرێن و قەتەریش بکات و کار لەسەر پێکهێنانی هێزێکی دەریای بکات بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکانی نێو دەریای سوور. بەحرێن شوێنی بارەگەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا و ئەو هێزە دەریاییە نێودەوڵەتییەیە کە بە پاراستنی کەشتییەکانی ناوچەکە راسپێردراوە.
قەتەریش رۆلێکی گرنگی بینیوە لە دانوستاندنەکانی ئازادکردنی بارمتەکان و رێگریکردن لە تەقینەوەی گۆڕەپانی جەنگەکە و گۆڕینی جەنگەکە بۆ ململانێی هەرێمی.
ئۆستن لە رۆڵی پێشووتری خۆیدا، سەرپەرشتیی کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراقدا کرد لە ساڵی 2011.
چەند رۆژێک دوای 7ی تشرینی یەکەم، سەردانی ئیسرائیلی کرد و لەو کاتەوە زیاتر لە 25 جار بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ گالانتی هاوتا ئیسرائیلییەکەیدا کردووە.
چاوەڕێدەکرێت لە کۆبوونەوەکانیدا لە ئیسرائیل گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکات کە ئیسرائیل چۆن قۆناخەکانی جەنگەکەی دیاریدەکات و کەی دەگاتە ئەو بڕوایەی کە حەماسی لاوازکردووە بۆ ئەوەی قەبارەی هێرشەکانی بچووک بکاتەوە، ئەمە بە گوێرەی بەرپرسێکی ئەمریکی کە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ