رووداو دیجیتاڵ
کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا داوا لە ئیسرائیل دەکات، ئاگربەستێکی "دەستبەجێ و درێژخایەن" لە غەززە رابگەیێنێت، جەختیشدەکاتەوە کە پاریس بەهۆی دۆخی غەززەوە "زۆر نیگەرانە."
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا لەگەڵ ئێلی کۆهنی هاوتا ئیسرائیلییەکەی لە تەلئەڤیڤ، کۆلۆنا گوتی، "زۆر خەڵکی سڤیل دەکوژرێن."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئەمڕۆ یەکشەممە، گەیشتە ئیسرائیل بۆ ئەوەی داوای ئاگربەست بکات، دوای ئەوەی کە پاریس رۆژی شەممە، سەرکۆنەی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلی کرد کە بووە هۆی کوژرانی کارمەندێکی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە غەززە.
تاوەکو دێت گوشاری نێودەوڵەتی لەسەر ئیسرائیل زیاد دەبێت بۆ ئەوەی هێرشەکانی بۆ سەر غەززە رابگرێت، کە لە سەرەتای جەنگەکەوە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 18 هەزار و 787 کەس، لە نێویاندا 7 هەزار و 729یان منداڵ و 5 هەزار و 153یان ژنن، هەروەها لانیکەم 50 هەزار و 897 کەس بریندار بوون، ئەمە بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە.
هێرشەکانی ئیسرائیل لە وەڵامی هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە هات لە 7ـی تشرینی یەکەم، کە بەگوێرەی نوێترین ئاماری ئیسرائیل، لەو رۆژەدا هەزار و 140 کەس کوژران کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون، هەروەها زیاتر لە 240 کەس بە بارمتە گیرابوون.
کەمێک بەرلەوەی بگاتە ئیسرائیل، کۆلۆنا سەرکۆنەی زیادبوونی هێرشی جووە هاوردەکانی بۆ سەر خەڵکی کەرتی رۆژئاوا کرد.
کۆلۆنا گوتی، "لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە، بە داخەوە، هەندێ [جوو] نیشتەجێکراو بە ئایدۆلۆژیای کوێرانەی خۆیان، تاوانیان کردووە" لە دژی فەلەستینییەکان و گوتی، "پێویستە ئەم نیشتەجێکراوانە سزابدرێن."
لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە، لە کەرتی رۆژئاوا، 280 فەلەستینی بە دەستی هێزەکانی ئیسرائیل و جووە هاوردەکان کوژراون، ئەمە بەگوێرەی بەرپرسانی حکومەتی فەلەستینی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ