ئیسرائیل باشووری لوبنان بۆردوومان دەکات و حیزبوڵڵاش دەڵێت سەربازانی ئیسرائیلیان کردوونەتە ئامانج

17-11-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنانی دەڵێت، تانکێکی سوپای ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج و ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلیان لەسەر سنووری باشووری لوبنان "راستەوخۆ پێکاوە". ئیسرائیلیش لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە ژمارەیەک گوندی باشووری لوبنانی بۆردوومانکرد.
 
حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی 17-11-2023، بە مووشەکی ئاڕاستەکراو، تانکێکی یەکەی 91ی هێزی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج و مووشەکەکە "راستەوخۆ ئامانجەکەی پێکاوە".
 
رۆژی هەینی، سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان پێکدادانی تووندی نێوان سوپای ئیسرائیل و حیزبوڵڵای بەخۆیەوە بینی.
 
میدیای فەرمیی لوبنان باس لەوە دەکات، بەیانیی ئەمڕۆ هێزەکانی ئیسرائیل دوو گوندیان بۆردوومانکردووە و بە درێژایی شەوی رابردووش فڕۆکەی چاودێریی ئیسرائیلی بەسەر ناوچەکەدا سووڕاوەتەوە و بۆمبی رووناککردنەوەیان فڕێداوە.
 
حیزبوڵڵا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاندبوو، 7 پێگەی هێزەکانی ئیسرائیلیان بە مووشەک کردووەتە ئامانج و "راستەوخۆ" سەربازەکانیان پێکاوە. سوپای ئیسرائیلیش بە تۆپباران و بۆردوومانکردنی شوێنە سنوورییەکان وەڵامیدایەوە.
 
سوپای ئیسرائیل رۆژی هەینی گوتی، ژمارەیەک پێگەی حیزبوڵڵایان لە باشووری لوبنان بۆردوومانکردووە.
 
حیزبوڵڵا رۆژی پێنجشەممە، کوژرانی دوو چەکداری خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ سوپای ئیسرائیل راگەیاند، بەوەش کۆی گشتی کوژراوانی لە 7ی ئۆکتۆبەری رابردووەوە بۆ 76 چەکدار بەرزبووەوە.
 
ئەوە جگە لەوەی کە 10 کەسی سڤیلی لوبنانی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
 
لە دیوی ئیسرائیلیش، بەهۆی هێرشەکانی حیزبوڵڵاوە نۆ کەس کوژراون، کە هەشتیان سەرباز و ئەوی دیکەیان سڤیلە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە