رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی کەرتی غەززە دەڵێت، لە دوو رۆژی رابردوودا، بەهۆی نەبوونی کارەباوە 24 نەخۆش لەنێو نەخۆشخانەی شیفا گیانیان لەدەستداوە.
ئەشرەف قودرە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرتی غەززە ئەمڕۆ هەینی 17-11-2023، گوتی، "24 نەخۆش لە 48 کاژێری رابردوودا لە بەشە جیاجیاکان گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا کە ئامێرە پزیشکییەکان بەهۆی نەبوونی کارەباوە لەکارکەوتوون".
ئەوە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئیسرائیل چوونەتە نێو نەخۆشخانەکەوە.
هەر رۆژی هەینی، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانی ئیسرائیل لە نێو نەخۆشخانەکەدا "پاکتاوی نەتەوەیی" ئەنجام دەدەن.
حەماس دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا و ئیدارەکەی "بەرپرسی راستەوخۆن لە تاوانی پاکتاوی نەتەوەیی کە لە لایەن ئیسرائیلەوە لە نێو نەخۆشخانەی شیفادا دەکرێت".
ئیسرائیل لە 42ـەمین رۆژی جەنگەکەدا بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی چڕ بۆ سەر غەززە؛ تانک و زرێپۆشەکانیشی گەمارۆی بەشێک لە نەخۆشخانەکانیان داوە.
هاوکات یەکینەکانی قەسام، باڵی چەکداریی حەماس ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، ئەوەی لە دیمەنەکەدا دەردەکەوێت دیمەنی کوشتنی پێنج سەربازی ئیسرائیلییە. قەسام دەڵێت، هێزێکی ئیسرائیلیان هەڵخەڵەتاندووە بۆ ئەوەی بەرەو دەرچەی تونێلێک بڕۆن، دواتر تونێلەکەیان تەقاندووەتەوە.
قەسام هەروەها رایگەیاند، بەشێکی بارمتە ئیسرائیلییەکانیان بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە دۆخی تەندروستییان "مەترسیدارە" و گوێزراونەتەوە بۆ ناوەندە تەندروستییەکان تاوەکو چارەسەریان پێ بدرێت.
هێزە فەلەستینییەکە دەڵێت، "وەک وەڵامێک بۆ درۆکانی نەتەنیاهوو و گوتەبێژی سوپاکەی لەبارەی هەبوونی بارمتە زایۆنییەکان لە نێو نەخۆشخانەکاندا، جەخت دەکەینەوە کە بارمتە (ئاریە زالمن زێدمانۆفچ)مان گواستبووەوە بۆ یەکەی چاودێریی چڕ، دوای چاکبوونەوەی گوێزرایەوە بۆ شوێنی دەستبەسەرکردنی، بەڵام بەهۆی ترس و تۆقان لە ئەنجامی بۆردوومانی دووبارەبوو بۆ سەر دەوروبەری شوێنەکەی، گیانی لەدەستدا، دواتر بەڵگە لەسەر ئەوە دەخەینەڕوو".
ئەو راگەیێندراوە دوای ئەوە هات کە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، زانیارییان هەبووە لەسەر ئەوەی حەماس بارمتە ئیسرائیلییەکانی لەنێو نەخۆشخانەی شیفادا هێشتووەتەوە پێش ئەوەی نەخۆشخانەکە بکەوێتە دەستی هێزی ئیسرائیلی.
نەتەنیاهوو بە میدیای ئەمریکای گوت، "هۆکاری جیدی هەبوو کە وای لە ئێمە کرد وا بیربکەینەوە کە بارمتەکان لە نەخۆشخانەی شیفا هێڵدرابنەوە، ئەوە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وای لە ئێمە کرد بچینە نێو نەخۆشخانەکە".
سوپای ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە 15ی تشرینی دووەم، چووە نێو نەخۆشخانەکە و ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە گوایە چەک و تەقەمەنی حەماسیان لە نێو نەخۆشخانەکەدا دۆزیوەتەوە. بزووتنەوە فەلەستینییەکە ئەوەی بە هەڵبەستراو ناوبرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ