وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی میسر دەکات

17-03-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی تورکیا لەسەر بانگهێشتی هاوتا میسرییەکەی، سبەی شەممە بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە میسر.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سامیح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر، سبەی شەممە، 18ـی ئاداری 2023، مەولوود چاوشئۆغڵو سەردانی قاهیرە دەکات. 
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی نێوان چاوشئۆغڵو و سامیح شوکرییدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ بکرێن، هەروەها بیروبۆچوون لەسەر پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ئاڵوگۆڕ بکرێن.
 
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، دوای چەندین ساڵ لە سڕبوونی پەیوەندییەکانیان، بەرپرسانی تورکیا و میسر لە مانگەکانی ئایار و ئەیلوولی 2021دا کۆبوونەوە و لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان قسەیان کرد. 
 
لە تشرینی دووەمی 2022یشدا عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە قەتەر و لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی مۆندیالدا یەکیان بینی و تەوقەیان کرد. 
 
رۆژی 6ـی شوبات، بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە باکووری کوردستان و تورکیا روویدا و دوای ئەوە وەزیرانی دەرەوەی چەندین وڵات سەردانی تورکیایان کرد، یەکێک لەوان وەزیری دەرەوەی میسر بوو کە رۆژی 27ـی شوبات چووە ئەو وڵاتە. هەروەها میسر هاوکاریی مرۆیی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە نارد. 
 
پەیوەندیی تورکیا-میسر بەهۆی کودەتای سەربازیی عەبدولفەتاح سیسی لە ساڵی 2013 دژی محەممەد مورسی گرژی تێکەوت و ئاستی پەیوەندییەکان لە باڵیۆزەوە بۆ یاریدەدەری کاربەڕێکەری کونسوڵگەری دابەزین. 
 
حکومەتی میسر، تورکیای بەوە تۆمەتبارکرد کە دەست لە کاروباری نێوخۆی وڵاتەکەی وەردەدات و رێز لە سەروەریی میسر و بنەمای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ناگرێت و تورکیاش ئاماژەی بەوە دەکرد کە ئەوەی روویداوە کودەتایە. 
 
هەرچەندە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان گرژ بوون، بەڵام پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات پەرەیان پێدراوە بە جۆرێک لە ساڵی 2007ـەوە قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات سێ بەرامبەر بووە و گەیشتووەتە شەش ملیار دۆلار. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەتەنیاهوو لە بنکەیەکی سەربازیی وڵاتەکەی. وێنە: AFP

نەتەنیاهوو: خۆمان ناچەمێنین

رۆژی پێنجشەممە، بە تۆمەتی کردنی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە کەرتی غەززە، دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان (ICC) فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران و یوئاڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل دەرکرد.