رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە سنووری سووریاوە هێرش کراوەتە سەر بەرزاییەکانی جۆلانی ژێر دەسەڵاتیان و ئەوانیش بە تۆپباران وەڵامیان داوەتەوە.
سوپاکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "دوو مووشەک لە سووریاوە هاوێژراون و لە ناوچەیەکی کراوەدا کەوتوونەتە خوارەوە."
سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، گومانیان هەیە لە رێگەی پاراگلایدەرەوە لە لوبنانەوە دزەکرابێتە نێو سنووری ئیسرائیل.
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاند، ئەو گرووپە چەکدارە فەلەستینیانەی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنانی کار دەکەن، لە رۆژئاوای پارێزگای دەرعای سووریاوە مووشەکێکیان بە بەرزاییەکانی جۆلانەوە ناوە، کە ئەو شوێنە لە بنەڕەتدا خاکی سووریایە و ئیسرائیل کۆنترۆڵی کردووە.
لەدوای هێرشی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەم، ئیسرائیل لە باکوورەوە کەوتووەتە ئامادەباشی.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1300 سەرباز و خەڵکی سڤیل بەهۆی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستینەوە لە ئیسرائیل کوژراون و لانیکەم 120یان بە دیل گیراون، ئەمەش وەکو بەرپرسانی ئیسرائیلی باسی دەکەن.
لە بەرامبەردا، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەی ژێر کۆنترۆڵی حەماس بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 2200 کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
ئێوارەی شەممە دانیێل هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەوان "هێزێکی زۆر گەورەیان لە باکوور هەیە. هەر کەسێک هەوڵبدات لە دیوارەکە نزیک بکەوێتەوە بۆئەوەی بێتە نێو ئیسرائیل، دەمرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ