رووداو دیجیتاڵ
کۆنگرەی ساڵانەی جیهانیی میدیا لە شاری ئەبوزەبی، پایتەختی ئیمارات بە ئامادەیی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەدەچێت.
کۆنگرەکە رۆژنامەڤانان، سەرکردە و شارەزایانی بواری میدیای سەرانسەری جیهان لە رۆژانی 14 تاوەکو 16ی تشرینی دووەم کۆدەکاتەوە.
لە کۆنگرەکەدا، کە بە دروشمی "دیاریکردنی داهاتووی میدیا" لە ناوەندی نیشتمانیی پێشانگەکانی ئەبوزەبی بەڕێوەدەچێت، باس لە ژمارەیەک بابەتی جۆراوجۆری پەیوەست بە دەرفەت و بەربەستەکانی بەردەم میدیا دەکرێت، لەوانەش پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی و ژیری دەستکرد.
کۆنگرەی جیهانیی میدیا "دەرفەتێکی گەورەیە بۆ پیشەگەرانی بواری میدیا بۆ ئەوەی ئاگاداری نوێترین پێشهات و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پیشەسازییەکە بن"، ئەمە وەک کۆنگرەکە لە ماڵپەری خۆی باسی دەکات.
13 هەزار و 556 کەس ئامادەی کۆنگرەی ئەمساڵ دەبن، سەروو 200یان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا میدیا جیهانییەکانن و زیاتر لە 170 کەس لە پانێلەکانیدا قسە دەکەن، لەوانەش ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە پانێلێکدا بە ناونیشانی "شێوازە خۆڕاگرەکانی داهات لە سەردەمی دیجیتاڵیدا؛ دیاریکردنی نەخشەڕێگەی قازانجکردن،" وەک قسەکەر بەشدار دەبێت و تێیدا ستراتیجی و روانگەکانی بەدەستهێنانی داهات لە سەردەمی پێشکەوتنی دیجیتاڵیدا تاوتوێدەکرێن.
کۆنگرەکە رۆژانە 10 پانێڵ لەخۆ دەگرێت
بەشداربووانی ئەم ساڵ لە 172 وڵاتەوەن؛ 31 لەو وڵاتانە، یەکەمجارە بەشدار دەبن.
کۆنگرەکە رۆژانە 10 پانێڵ لەخۆدەگرێت، ئەوە جگە لە چەندین گوتاری کەسایەتییە دیارەکانی ئیمارات، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان.
بۆنەکە رۆژی سێشەممە بە گوتاری شێخ نەهیان بن موبارەک ئال نەهیان، وەزیری یەکترقبووڵکردن و پێکەوەژیانی ئیمارات دەستیپێکرد.
سەرنجیی سەرەکیی رۆژی یەکەمی کۆنگرەکە لەسەر رۆڵی میدیا لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە بارەی گۆڕانی کەشوهەوا و چۆنیەتی سوودبینینە لە ژیریی دەستکرد؛ تەکنەلۆجیایەک کە وێڕای هەبوونی ژمارەیەک مەترسی، هیوای دەرفەتگەلێکی بە میدیاکاران داوە.
لە یەکێک لە پانێڵەکاندا، باس لە رۆڵی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە دەکرێت لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا.
هەروەها کۆلێژی ئابووریی لەندەن لە پانێڵێکی تایبەتدا باس لە پڕۆژەیەکی خۆی دەکات بەناوی JournalismAI واتە ژیری دەستکردی رۆژنامەڤانی، کە ئامانج لێی یارمەتیدانی دامەزراوە میدیاییەکانە لە چۆنیەتیی بەکارهێنانی "ژیریی دەستکرد بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە،" لە کاتێکدا کە خێرایی و لێهاتوویی ژیری دەستکرد لە بەرهەمهێنانی دەق، وێنە و ڤیدیۆکاندا، مەترسیی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاستی زیادکردووە.
میدیا وەک بوارێکی پەروەردە
لە رۆژی دووەمی کۆنگرەکەدا سەرنج لەسەر (میدیا وەک بوارێکی پەروەردە) دەبێت.
تاوتوێکردنی "تەکنەلۆجیا تێکدەرەکان،" داهاتووی بەرهەمهێنانی میدیایی، پەرەپێدانی بەهرەکان لە پێناو میدیایەکی داهێنکارتر و دڵنیابوونەوە لە راستییەکان، تەوەری چەند پانێلێکی سەرەکیی رۆژی دووەم دەبن.
لە هەمان رۆژدا، پانێلێک تایبەت دەبێت بە مەترسی و دەرفەتەکانی تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد بۆ میدیا.
بەڕێوەبەری گشتیی رووداو لە پانێڵێکدا بەشدار دەبێت
رۆژی سێیەمی کۆنگرەی ساڵانەی جیهانیی میدیا ژمارەیەک پانێڵی سەرنجڕاكێش و گرنگ لەخۆ دەگرێت و چەندین مژار تاوتوێ دەکرێن، لەوانەش رۆڵی میدیا لە گەشەپێدانی یەکترقبووڵکردن؛ رووماڵکردنی چالاکییە وەرزشییەکان؛ داهاتووی رۆژنامەڤانی لە سایەی پێشکەوتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ رۆڵی ژنان لە رۆژنامەڤانیی وەرزشدا.
یەکێک لە پانێڵەکانی ئەو رۆژە تایبەت دەبێت بە قسەکردن لەبارەی سوودبینین لە پێشکەوتنی دیجیتاڵی بۆ مەبەستی فراوانکردنی سەرچاوەی داهاتی دامەزراوە میدیاییەکان و یەکێک لە قسەکەرانی ئەو پانێڵەش ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداوە.
ساڵی رابردووش رووداو وەک یەکەمین میدیای کوردی ئامادەی کۆنگرەکە بوو.
رووداو وەک میدیایەکی پێشەنگ لە کوردستان و ناوچەکە و جیهان، وەک هەوڵێک بۆ رۆیشتن لەگەڵ داهێنان، تەکنەلۆجیا و روانگە هەرە نوێیەکانی جیهان، لە چەندین دەستپێشخەری و هاوبەشیی میدیاییدا بەشدارە.
پیشەییبوون، بابەتیبوون و نوێگەریی رووداو وایانکردووە کە تۆڕەکە چیدیکە تەنیا سەرچاوەی هەواڵی وەرگری ناوچەکە نەبێت، بەڵکو ببێتە ژێدەر بۆ ئاژانس و کەناڵە جیهانییەکان بۆ گەیاندنی رووداوەکانی ناوچەکە، ئەوەش ئەرکێکی دیکەی بۆ تۆڕەکە زیادکردووە کە پابەندبوونی زیاترە بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانەوە.
رووداو هاوبەشێکی گرنگە لە تۆڕی ئاڵوگۆڕی هەواڵی ئەوروپی- ئینێکس کە زیاتر لە 50 دامەزراوەی میدیایی وڵاتانی جیاوازی جیهان تێیدا هاوبەشی یەکدین و رووداو تاکە کەناڵی کوردستانی و عێراقییە تێیدا. رووداو هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ ئاژانسی ئەمریکا بۆ میدیای نێودەوڵەتی هەیە؛ رووداو هاوبەشی لەگەڵ تۆڕی تەلەڤزیۆنی جیهانیی چین CTGN، سی سی تی ڤی پڵەسی چین و پەیمانگەی شاهانەی بەریتانیا بۆ لێکۆڵینەوە - چاتم هاوس هەیە. هەروەها رووداو لەگەڵ هاوئاهەنگی نزیکی لەگەڵ ئاژانسەکانی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی فرانس پرێسی فەرەنسی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ