رووداو دیجیتاڵ
کۆنگرەی ساڵانەی جیهانیی میدیا لە شاری ئەبوزەبی، پایتەختی ئیمارات بە ئامادەیی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەدەچێت.
کۆنگرەکە لە دووەم گەڕیدا، رۆژنامەڤانان، سەرکردە و شارەزایانی بواری میدیای سەرانسەری جیهان لە 14 تاوەکو 16ی تشرینی دووەم کۆدەکاتەوە.
زیاتر لە پێنج هەزار و 500 کەس ئامادەی دەبن
لە کۆنگرەکەدا، کە بە درووشمی "دیاریکردنی داهاتووی کەرتی میدیایی" لە ناوەندی نیشتمانیی پێشانگەکانی ئەبوزەبی بەڕێوەدەچێت، باس لە ژمارەیەک بابەتی جۆراوجۆری پەیوەست بە دەرفەت و بەربەستەکانی بەردەم میدیا دەکرێت، لەوانەش پشکەوتنی تەکنەلۆجیای دیجتاڵی و ژیریی دەستکرد.
کۆنگرەی جیهانیی میدیا "دەرفەتێکی گەورەیە بۆ پیشەگەرانی بواری میدیا بۆ ئەوەی ئاگاداری نوێترین پێشهات و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پیشەسازییەکە بن،" ئەمە وەک کۆنگرەکە لە ماڵپەری خۆی باسی دەکات.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لە پانێلێک بەشدار دەبێت
پێنج هەزار و 541 کەس ئامادەی کۆنگرەی ئەم ساڵ دەبن، سەرووی 200ـیان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا میدیا جیهانییەکانن و زیاتر لە 170 کەس لە پانێڵەکانیدا قسە دەکەن، لەوانەش ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە رۆژی سێیەمدا لە پانێڵێکدا بە ناونیشانی "شێوازە خۆڕاگرەکانی داهات لە سەردەمی دیجیتاڵیدا: دیاریکردنی نەخشەڕێگەی قازانجکردن.'' لە پانێڵەکەدا ستراتیژی و روانگەکانی بەدەستهێانی داهاتی بەردەوام لە سەردەمی پێشکەوتنی دیجیتاڵیدا تاوتوێدەکرێن.
سەرنجی سەرەکیی رۆژی یەکەمی پانێلەکە لەسەر رۆڵی میدیا لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە بارەی گۆڕانی کەشوهەوا و چۆنیەتی سوودبینینە لە ژیریی دەستکرد، تەکنەلۆژیایەک کە وێڕای لەخۆهەڵگرتنی ژمارەیەک مەترسی، هیوای دەرفەتگەلێکی بە میدیاکاران داوە.
لە یەکێک لە پانێڵەکاندا، باس لە رۆڵی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە دەکرێت لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا.
مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاست بەهۆی AI
هەروەها کۆلێژی لەندەنی ئابووری، لە پانێڵێکی تایبەتدا باس لە پڕۆژەیەکی خۆی دەکات بەناوی JournalismAI یاخود ژیری دەستکردی رۆژنامەڤانی، کە ئامانج لێی یارمەتیدانی دامەزراوە میدیاییەکانە لە چۆنیەتیی بەکارهێنانی "ژیریی دەستکرد بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە،" لە کاتێکدا کە خێرایی و لێهاتوویی ژیری دەستکرد لە بەرهەمهێنانی دەق، وێنە و ڤیدیۆکاندا، مەترسیی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاستی زیادکردووە.
لە رۆژی دووەمی کۆنگرەکەدا سەرنج لەسەر میدیا وەک بوارێکی پەروەردە دەبێت. لە رۆژی کۆتاییشدا، باسی رۆڵی میدیا لە گەشەپێدانی هەستی یەکترقبوولکردن و رووماڵکردنی رووداوە وەرزشییەکان و داهاتووی رۆژنامەڤانی لە سایەی پێشکەوتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ