رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
لایەنگرانی حیزبوڵڵا و ئەمەل داوای گۆڕینی ئەو دادوەرە دەکەن، کە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت دەکات. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی تەیونەی بەیرووتی پایتەختی لوبنان شەڕ و پێکدادان روویدا، کاتێک لایەنگرانی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل لەبەردەم کۆشکی دادی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی دادوەری بەرپرس لە دۆسێی رووداوی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت، تارق بەیتار.
بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ساحل رایگەیاند لە رووداوەکەدا سێ کەس کوژراون کە گوللە بەر سەریان کەوتووە، 20 کەسی دیکەش برینداربوون، کە تەندروستیی سێ کەسیان خراپە. هەروەها وەزیری ناوخۆی لوبنان دەڵێت تاوەکو ئێستا شەش کەس لە پێکدادانەکاندا کوژراون.
سوپای لوبنان لە راگەیێنراوێکدا ئاشکرایکردووە: "لەمیانی چوونی ناڕازییان بۆ ناوچەی عەدلییە، خۆپێشاندەران لە ناوچەی تەیونە تەقەیان لێکراوە، سوپا دەستبەجێ گەمارۆی ناوچەکەی داوە و لە گەڕەکەکاندا بڵاوەی پێکراوە و پشکنینی ناوچەکە بۆ دۆزینەوەی تەقەکەرەکان دەستیپێکردووە".
سوپای لوبنان رایگەیاندووە تەقە لە هەر چەکدارێک دەکات لە ناوچەکەدا دەربکەوێت، داوای لە دانیشتووانی ناوچەکە کردووە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، لە کاتێکدا قوتابخانەکانی نزیک لە ناوچەکە داخران.
سەرچاوەکان هەواڵ ئاشکرایانکردووە، ژمارەیەک خۆپێشاندەر دەستیانکردووە بەپشێوی نانەوە و هەندێک چەکداریش دەمامکداریش کە ژمارەکەیان نەزانراوە تەقەیان لە سەربازانی سوپای لوبنان کردووە و سوپای لوبنان دوو نیشانەچی دەستگیرکردووە. هاوکات گرتەی ڤیدیۆیی چەکدارێک بڵاوکراوەتەوە کە لەسەر شەقامەکانەوە ئار پی جی بەئاراستەی سەربازانی لوبنانی دەتەقیێنێت.
نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان داوای دانبەخۆداگرتن و ئارامکردنەوەی دۆخەکەی کرد و داوای لە دانیشتووانی وڵات کرد بەدوای ئەو کەسانە نەکەون کە دەیانەوێت ئاژاوە بنێنەوە.
لە پێشهاتە نوێیەکانی رووداوەکەدا، حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل لە بڵاوکراوەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاندووە، خۆپێشاندەران "گردبوونەوەی ئاشتیخوازانەیان" کردووە دی "بەسیاسیکردنی لێکۆڵینەوە لە دۆسێی رووداوەکەی بەندەری بەیرووت"، بەڵام رووبەڕووی تەقەکردن بوونەتەوە و قوربانیی کەوتووەتەوە.
هەردوو رێکخراوەکە، داوایان کردووە سوپای لوبنان "بەرپرسیاریێتی بگرێتەئەستۆ و بەخێرایی بێتە نێو رووداوەکەوە بۆ راگرتنی ئەو تاوانبارانە".
خۆپێشاندانی لایەنگرانی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل، دووەم داواکاریی ئەو دوو حیزبەیە بۆ دوورخستنەوەی تارق بەیتار، کە لێکۆڵەری دادە لە دۆسێی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت.
سەرچاوە دادوەرییەکانی لوبنان ئاشکرایانکردووە دادگای تێهەڵچوونەوە داواکارییەکی بۆ دوورخستنەوەی بەیتار رەتکردووەتەوە، ئاشکرایکردووە ئەوە کارە لەدەسەڵاتی ئەواندا نییە چونکە بەیتار "یەکێک نییە لە دادوەرانی دادگای تێهەڵچوونەوە".
پێشتر هەریەک لە عەلی حەسەن خەلیل، وەزیری پێشووی دارایی و غازی زعیتەر، وەزیری پێشووی کشتوکاڵ، داوایان لە دادگاکردبوو بەیتار لە پۆستی لێکۆڵەری دادی دۆسێیەکە دووربخاتەوە، بەڵام دادگا دانیشتەکانی خۆی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسێیەکە هەڵپەسارد، لەبەرئەوەی دادگای تایبەت پێکهێنراو بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت، هێشتا بڕیارینەداوە داواکارییەکەی ئەو وەزیرە قبوڵ بکات یان رەتبکاتەوە.
ئەگەر دادگا داواکارییەکەی تایبەت بەدوورخستنەوەی بەیتار رەتبکاتەوە، بەیتار وەک لێکۆڵەری دادی دۆسێیەکە دەستبەکاردەبێتەوە و دەبێ وادەی پرساندن بۆ هەریەکە لە زعیتەر و نیهاد مشنوق، وەزیری پێشووی ناوخۆ دیاری بکات.
بەیتار لەوکاتەوەی لە جێگەی فادی سوان لێکۆڵینەوە لە دۆسێی تەقینەوەکەی وەرگرتووە، پاش ئەوەی سوان بە گوشاری بەرپرسانی سیاسی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، بەیتار داوای لێکۆڵینەوە لە حەسان دیاب، سەرۆکوەزیرانی پێشووی کردووە و داواشی کردووە لێپێچینەوەی یاسایی بەرامبەر بەرپرسانی پێشووی دەزگا ئاسایشییەکان بکرێت.
داواکاریی لێپێچینەوە لە بەرپرسە سیاسی و ئاسایشییەکان، وایکردووە چوار وەزیری پێشوو، لە دادگای جیاواز سکاڵا تۆمار بکەن لە دژی بەیتار و داوای دوورخستنەوە لە دۆسێیەکەی بکەن.
پێشتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو هەوڵانەی رەتکردووەتەوە کە بە "تۆقاندن" ناوی بردوون بۆ سەر بەیتار و وایداناوە "تیرۆری حیزبوڵڵا سەروەریی لوبنان لەباردەبات".
نید پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "ئێمە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چەندینجار گوتوومانە پشتگیری دەسەڵاتدارانی لوبنان دەکەین و داوایان لێدەکەین لێکۆڵینەوەکان لە تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیرووت بەزوویی و بێگەردانە کۆتایی پێبهێنن".
پرایس زیاتر گوتی: "قوربانیانی تەقینەوەکەی ساڵی 2020 شایستەی دادوەری و لێپێچینەوەن و ئێمە دژی هەر هەڕەشەیەکین بۆ سەر دادوەران و پشتگیری لە سەربەخۆیی دادگاکانی لوبنان دەکەین".
گوتەبێژە ئەمریکییەکە زیاتر گوتبووی، "بەڕوونی گوتوومانە کە چالاکییە تیرۆریستییەکانی حیزبوڵڵا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی لوبنان و سەروەریی و سەقامگیری وڵاتەکە، پێمانوایە حیزبوڵڵا دڕدۆنگە بەرامبەر بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆی و ئێرانی سەرپەرشتیاری، زیاتر لەوەی خەمی بەرژەوەندییەکانی گەلی لوبنانی بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ