وەزیری دەرەوەی ئێران: وڵاتان پرسیاری کردنەوەی بەرەی دووەمی شەڕ دژی ئیسرائیل لە ئێمە دەکەن

12-10-2023
جەعفەر موبەشرنیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەروەی ئێران دەڵێت، وڵاتان پەیوەندیمان پێوەدەکەن لەبارەی کردنەوەی بەرەی دیکەی جەنگ دژی ئیسرائیل.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12-10-2023، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، عەبدوڵڵاهیان لەکۆبوونەوەکە بە سوودانی گوتووە: "وڵاتان پەیوەندیما پێوەدەکەن و لەبارەی کردنەوەی بەرەی دیکەی جەنگ دژی ئیسرائیل پرسیار دەکەن، وەڵامی ئێمە ئەوەیە کە هەڵسوکەوتی ئیسرائیل بەرامبەر غەززە دەزانێت، هەرکەسێکیش بیەوێ بەرەیەکی دیکەی جەنگ بکاتەوە، مۆڵەت لە ئێمە وەرناگرێت."
 
عەبدوڵڵاهیان ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەوان لە بەغدان بۆ ئەوەی لەبارەی غەززە و فەلەستینەوە راوێژیان هەبێت. "کاتێک ئاو و خۆراک لەسەر غەززە بڕدراوە و کوشتنی خەڵکی غەززە بەردەوامە، ئەگەری هەر شتێک هەیە و رەنگە ئێمە لە ناوچەکەدا شاهێدی روودانی شتی نوێ بین."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە "تۆفانی ئەقسا کاردانەوەی هەڵسوکەوتی بنیامین نەتەنیاهوو بوو."
 
بڕیارە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، سەردانی لوبنانیش بکات و لەگەڵ هاوتا لوبنانییەکەی و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
 
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، "پەیوەندییە دوولایەنەکان، دۆخی ناوچەکە و بەتایبەت شەڕی حەماس و ئیسرائیل و دۆخی فەلەستین لەدوای ئەو شەڕە" مژاری سەرەکیی سەردانەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی و لوبنان دەبێت.
 
موجتەبا ئەمانی، باڵیۆزی ئێران لە لوبنان رایگەیاندووە، "بە لەبەرچاوگرتنی رووداوەکانی ئێستای فەلەستین و ئەو تاوانانەی لە بەرامبەر غەزە دەکرێن، گەشتی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ وڵاتانی ناوچەکە دەستپێدەکات و گەشتەکە کۆماری لوبنانیش لەخۆدەگرێت."
 
رۆژی 08-10-2023، وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی دۆخی فەلەستین و شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلیان کرد، کە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر کۆمەڵگە جووەکانی نزیک لە کەرتی غەززەوە دەستیپێکردووە.
 
بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "5,000" مووشەکی ئاراستە کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەزە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس روویدا.
 
ئیسرائیل رایگەیاندووە، زیاتر لە 1,300 کەس لەنێویاندا 155 سەربازی ئەو وڵاتە، لە شەڕەکەدا کوژراون و 3,400یش برینداربوون.
 
بەرپرسانی غەززەش دەڵێن 1,417 کەس بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە کوژراون و 6,268 کەسیش برینداربوون.
 
نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، زیاتر لە 338 هەزار هاووڵاتی سڤیلی غەززە لە ئەنجامی بەردەوامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن.
 
دوای هێرشەکەی حەماس، ئیسرائیل گەماڕۆی تووندی خستووەتە سەر کەرتی غەززە و ئاو و کارەبا و سووتەمەنیی لەسەر ئەو ناوچەیە بڕیوە و بە سەختی بۆردوومانی ناوچەکە دەکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە