ئێران و ئیمارات بۆ بەرەنگاربوونەوەی خۆڵبارین یاداشتنامەیەک واژۆ دەکەن

12-07-2022
دڵزار زوبێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئێران و ئیمارات لە پلانیاندایە رێککەوتنێک لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی خۆڵبارین بکەن. بڕیاریشە ئەمڕۆ یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەن.
 
رۆژی دووشەممە، 11ی تەممووزی 2022 ئاژانسی فەرمیی ئێران رایگەیاند، رۆژی سێشەممە وەزیرانی ژینگەی ئێران و ئیمارات یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ گۆڕینەوەی ئەزموونی رووبەڕووبوونەوەی خۆڵبارین واژۆ دەکەن. ئەوەش وەکو ئاژانسەکە ئاماژەی پێکردووە، لەدوای بڕیارێکی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دێت لەبارەی پێویستیی دیپلۆماسی بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی خۆڵبارین.
 
ئەم هەوڵەی هەردوو وڵاتەکە لە کاتێکدایە کە ئەمساڵ خۆڵبارین بە شێوەیەکی تووند ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتووەتەوە. عێراق بەدەر نەبووە لەو شەپۆلە خۆڵبارینانە و تاوەکو ئێستا هەزاران کەس بەهۆی خۆڵبارینەوە رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون. خۆڵبارینی بەردەوامیش پەیوەندیی بە وشکەساڵی و بەبیابانبوونەوە هەیە.
 
ئاژانسی فەرمیی ئێران دەشڵێت، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری وڵاتەکە، وەزیری دەرەوە و وەزیری ژینگەی راسپاردووە بۆئەوەی کار لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی ئێراندا بکات تاوەکو رووبەڕووی خۆڵبارین ببنەوە.
 
ئەم یاداشتنامەیەی نێوان ئێران و ئیمارات وەکو هەنگاوێک بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵاتەکە تەماشا دەکرێت. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە لە مانگی کانوونی یەکەمی پارساڵ شێخ تەحنوون بن زاید، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیمارات، سەردانی تارانی کرد.
 
ئێران و ئیمارات لە چەند پرسێکدا ناکۆکن؛ لەوانەش شەڕی نێوخۆی یەمەن. لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، حوسییەکانی یەمەن کە نزیکن لە ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر ئیمارات. لە لایەکی دیکەوە، ئیمارات پاڵپشتیی لە ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور-ی یەمەن دەکات کە بەشێکە لەو حکومەتە دانپێدانراوەی سعودیە پاڵپشتیی دەکات و لە دژی حوسییەکان شەڕ دەکات.
 
رۆژی 6ی تەممووزی ئەمساڵ، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تۆمەتی پاڵپشتیکردنی بازرگانیی وزەی ئێرانی، سزای بەسەر بەشێک لە کەسایەتیی ئیماراتی دا سەپاند کە ئەو بازرگانیانە خۆیان لە لیستی سزادراوانی ئەمریکادا بوون. پێشتریش لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، بە تۆمەتی هاوشێوە چەند کەسایەتییەکی دیکەی ئیماراتی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزادران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە