تورکیا؛ سەرۆکی ئیسرائیل لەگەڵ پیاوانی ئایینیی جوو کۆدەبێتەوە

10-03-2022
هێمن عەساف
 سەرۆکی ئیسرائیل قسە بۆ بەشێک لە جووەکانی ئیستەنبووڵ دەکات، وێنە، AFP
سەرۆکی ئیسرائیل قسە بۆ بەشێک لە جووەکانی ئیستەنبووڵ دەکات، وێنە، AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی 15 ساڵ دابڕان بەهۆی ئەو گرژییانەی نێوانیان، سەرۆکی ئیسرائیل چووە تورکیا و لەلایەن سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێکرا. سەرۆکی ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە 09-02-2022 گەیشتە تورکیا و ئەمڕۆ پێنجشەممەش دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی.
 
ئیساک هێرزۆک، سەرۆکی ئیسرائیل لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازی لێکرا. لەبارەی سەردانەکەشەوە ئەردۆغان رایگەیاند، "ئەم سەردانە مێژووییە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل. ئامانجی هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل بریتییه‌ له‌وه‌ی، له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و رێزگرتن له‌ هه‌ستیارییه‌كان، سه‌رله‌نوێ دیالۆگی سیاسیی ده‌ستپێبكاته‌وه‌." 
 
سەردانەکەی هێرزۆک بۆ ئەنقەرە بەیەکەم سەردانی فەرمیی سەرۆکی ئیسرائیل دێت دوای 15 ساڵ دابڕان، ئەوەش بەهۆی گرژیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و تەلئەڤیڤ. بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیش چاوەڕوان دەکرێت، سەرۆکی ئیسرائیل بەفەرمی بانگهێشتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان بکات بۆ سەردانیکردنی ئیسرائیل. 
 
ئیساک هێرزۆک، سەرۆکی ئیسرائیل گوتی، "ساتێکی مێژوویی زۆر گرنگە بۆ ئاساییکردنەوە و گەشەکردنی زیاتری پەیوەندییەکانمان. هەروەها دەرفەتێکی گرنگیشە بۆ برەودان و شۆڕکردنەوەی دۆستایەتیی نێوان گەلانی هەردوو وڵات و هاووڵاتییانمان و دروستکردنی رایەڵێکی بەهێزی نێوان کۆمەڵگەکانمان." 
 
زیاتر لە دوو مانگە هەردوولا ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئەنجامدانی ئەو سەردانە فەرمییە کە تورکیا گرنگییەکی زۆری پێدەدات و چاوی لەوەیە پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە بۆ ئەوەی سوود لە گازی سروشتیی ئیسرائیل وەربگرێت و پەیوەندییە بازرگانییەکانیشی فراوانتر بکات.
 
سەردانەکەی سەرۆکی ئیسرائیل بۆ تورکیا دوو رۆژ دەخایەنێت، لە رۆژی دووەمی سەردانەکەیدا لە ئیستەنبووڵ چاوی دەکەوێت بە پیاوانی ئایینیی جوو و لەگەڵیان کۆدەبێتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە