رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو ساڵ لە چۆڵبوونی پۆستەکە، لوبنان سەرۆککۆماری هەڵبژارد و رایگەیاند: "قۆناخێکی نوێ دەستی پێکرد." ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی جیهانیش بە ئەرێنی و هیواوە لە هەڵبژاردنەکە دەڕوانن.
رۆژی پێنجشەممە، 09-01-2025، پەرلەمانی لوبنان جۆزێف عەون، فەرماندەی گشتیی پێشووی سوپای لوبنانی بە سەرۆککۆماری نوێی وڵاتەکە دەستنیشان کرد.
لە گوتارێکی لەنێو پەرلەماندا، عەون گوتی: "بەڵێن دەدەمە لوبنانییەکان، لە هەر شوێنێکی جیهاندا بن، ئەمڕۆ قۆناخێکی نوێ لە مێژووی لوبنان دەستپێدەکات."
عەون داوای راوێژی لە پەرلەمان کرد: "بەزووترین کات سەرۆکوەزیرانی لوبنان هەڵبژێردرێت کە ببێتە هاوبەش نەوەک رکابەر."
هەڵبژاردنی سەرۆکی لوبنان لەکاتێکدایە، وڵاتەکە بە چەندین قەیرانی ئابووری، سیاسی و سەربازیدا تێپەڕدەبێت.
جۆزێف خەلیل عەون، ساڵی 1964 لە لوبنان دایکبووە. لە ساڵی 2017ـەوە فەرماندەی گشتیی سوپای لوبنانە.
عەون لە زانکۆی ئەمریکی-لوبنانی خوێندوویەتی و زمانەکانی عەرەبی، فەرەنسی و ئینگلیزی دەزانێت. خێزاندارە و باوکی کوڕێک و کچێکە.
دوای هەڵبژاردنی عەون، چەند وڵاتێک پەیامی خۆیان بەم شێوەیە نارد.
فەلەستین: لوبنان بەسەر سەرکوتکاریی ئیسرائیل دەکەوێت
مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین رایگەیاند: "ئێمە دڵنیاین کە لوبنانی دۆست، بەسەر سەرکوتکاری و دووژمنکاریی داگیرکار زاڵ دەبێت و ئینجا گەشەکردن و خۆشگوزەرانی بەدەستدەهێنێت."
قەتەر: پێشوازیی لە هەڵبژاردنی سەرۆکی لوبنان دەکەین
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند: "دەوڵەتی قەتەر پێشوازیی لە هەڵبژاردنی جەنەراڵ جۆزێف عەون دەکات. هیوادارین هەڵبژاردنی ئەو بە سەرۆکی لوبنان، ببێتە هۆی ئاسایشی و سەقامگیری لە لوبنان."
فەرەنسا: نەخشەڕێگەی چاکسازی و گەڕاندنەوەی سەروەرییە
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "پیرۆزبایی لە سەرۆک جۆزێف عەون دەکەم بۆ ئەم هەڵبژاردنە گرنگە؛ ئەمە نەخشەڕێگەی چاکسازی و گەڕاندنەوەی سەروەری و خۆشگوزەرانیی لوبنانە."
وەزارەتی دەرەوەش رایگەیاند، هەڵبژاردنی عەون "لاپەڕەیەکی نوێ بۆ لوبنانییەکان هەڵدەداتەوە. فەرەنسا هەمیشە لەگەڵ لوبنان و گەلی لوبنان وەستاوە و بەردەوامیش دەبێت."
ئەمریکا: لە نزیکەوە لەگەڵ سەرۆک عەون کاردەکەین
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "من بە تەواوی پێموایە ئەو ئەمجارە سەرکردە راستەکەیە. سەرۆک عەون دەتوانێت سەرکردایەتی لە سەرپەرشتیکردنی ئاگربەستی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بکات."
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لوبنان لە ئێکس نووسی: "ئێمە پابەندین بە کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ سەرۆک عەون؛ ئەمەش لە کاتێکدا ئەو هەوڵەکانی بۆ یەکخستنی وڵاتەکە دەستپێدەکات، چاکسازی جێبەجێ دەکات و داهاتوویەکی خۆشگوزەران بۆ لوبنان فەراهەم دەکات."
ئێران: هیوادارین کار لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش بکەین
باڵیۆزخانەی ئێران لە لوبنان پێشوازیی لە هەڵبژاردنی عەون کرد و رایگەیاند: "پیرۆزبایی لە لوبنانی دۆست دەکەین. هیوادارین کار لەگەڵ یەکدی بکەین و لە بواری جیا جیا هاوئاهەنگیمان هەبێت، بە رێگەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات بکات."
ئیسرائیل: هیوادارین پەیوەندیی دراوسێیانەمان هەبێت
گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند: "هیوادارم ئەم هەڵبژاردنە ببێتە هۆی سەقامگیری، داهاتوویەکی باشتر بۆ لوبنان و خەڵکەکەی، هەروەها بۆ ئەوەی پەیوەندیی دراوسێیانەمان هەبێت."
تورکیا: هیوادارین سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێنراوێک بڵاویکردەوە: "هیوادارین هەڵبژاردنی جۆزێف عەون، یارمەتیی گەڕاندنەوەی ئاشتی و خۆشگوزەرانیی ناوچەکە بدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ