رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ویلیەم بێرنز، بەڕێوەبەری گشتیی CIA و دەیڤد بارنی، سەرۆکی مۆسادی ئیسرائیل. وێنەی پشتەوەیان کەرتی غەززەیە.
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دەوحە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنێک کە خۆی لە ئازادکردنی 10 بۆ 15 بارمتەی ئیسرائیلیی دەستی حەماس و راگەیاندنی ئاگربەستی کاتی لە کەرتی غەززەدا دەبینێتەوە.
قەتەر، کە شوێنی ژیانی ژمارەیەک سەرکردەی سیاسیی حەماسە، بە درێژایی جەنگی نێوان بزووتنەوە فەلەستینییەکە و ئیسرائیل، سەرکردایەتیی هەوڵەکانی نێوەندگیریکردنی کردووە بۆ ئەوەی ئەو ئیسرائیلییانە ئازادبکرێن کە حەماس لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەم بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری غەززە بە دیلی گرتبوون.
ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، دەیڤد بارنی، سەرۆکی مۆسادی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل و ویلیەم بێرنز، بەڕێوەبەری گشتیی سی ئای ئەی لە دەوحە لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر کۆبوونەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە رۆژی چوارشەممە، قەتەرییەکان لەگەڵ بەرپرسانی مەکتەب سیاسیی حەماس کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر رێککەوتنێک بکەن.
ئامانج لە کۆبوونەوە سێقۆڵییەکە خێراکردنی گفتوگۆکان بووە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، گفتوگۆ لەسەر رێگەدان بە ناردنی سووتەمەنی بۆ غەززە کراوە، کە تاوەکو ئێستا ئیسرائیل ئامادە نییە رێگەی پێ بدات.
سەرچاوەیەکی دیکە رۆژی چوارشەممە، بە ئاژانسە هەواڵییەکەی راگەیاندبوو کە نێوەڕۆکی ئەو رێککەوتنەی دانوستاندنی لەسەر دەکرێت، بریتییە لە ئازادکردنی 10 تاوەکو 15 بارمەتە لە بەرامبەر ئاگربەستێکی یەک تا دوو رۆژی.
حەماس لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمیدا، جگە لە کوشتنی هەزار و 400 ئیسرائیلی برینداربوونی لانیکەم 5 هەزار و 600ی دیکەیان، زیاتر لە 240ی دیکەشی بە دیل گرت. بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، زۆربەی کوژراوان خەڵکی سڤیل بوون.
لە دوای هێرشەکە، ئیسرائیل بۆردوومانی چڕ و دواتریش هێرشی زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد کە تاوەکو ئێستا، بە گوتەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 10 هەزار و 569 کەس کە 4 هەزار و 234یان منداڵن، هەروەها برینداربوونی 26 هەزار و 475 کەس کە 8 هەزار و 663یان منداڵن.
جگە لەوە، زیاتر لە 2 هەزار و 660 فەلەستینی لە کەرتی غەززە بێسەروشوێن بوون کە هەزار و 350یان منداڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ