رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا - سێنتکۆم دەڵێت، ئەمڕۆ شەممە، 28 درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە دەریای سوور و سنوورە ئاوییەکانی دیکەی ناوچەکە خستوونەتە خوارەوە.
سێنتکۆم لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا باس ئاماژە بەوە دەکات کە درۆنەکان لە نێوان کاژێر 4:00ی بەیانی و 8:20 خولەکی ئێوارە بەکاتی سەنعا (کە دەکاتە هەمان کاتی هەولێر) خستوونەتە خوارەوە.
بە گوتەی سێنتکۆم، هیچ زیانێک بەر کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی یان کەشتییە بازرگانییەکانی دیکە نەکەوتووە.
مانگی نۆڤێمبەری ساڵی رابردوو، حووسییەکان دەستیان بە هێرشی درۆنی و مووشەکی کرد بۆ سەر ئەو کەشتییە بازرگانیانەی دەریای سوور کە گوایە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە، ئەوەش بە گوتەی خۆیان، وەک هاوسۆزییەک بۆ کەرتی غەززە کە لە ژێر هێرشی کوشندە و وێرانکەری ئیسرائیلدایە.
سێنتکۆم لە پۆستێکی پێشتردا باسی لەوە کردبوو کە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە "درۆنەکان هەڕەشەیەکی مسۆگەرن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، هێزی دەریایی ئەمریکا و کەشتییەکانی هاوپەیمانی لە ناوچەکە."
مەبەست لە هاوپەیمانییەکە ئەو هێزەیە کە ئەمریکا لەگەڵ ژمارەیەک وڵات لە دژی هێرشی حووسییەکان لە دەریای سوور پێکیهێناوە.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند، هێزەکانیان دوو هێرشیان کردووە.
یەکەمیان بۆ سەر کەشتییێک بووە بە ناوی پرۆپێل فۆرچن لە کەنداوی عەدەن، کە بە گوتەی سەريع، کەشتیێکی ئەمریکی بووە.
لە هێرشی دووەمدا، وەک سەريع باسی دەکات، "37 درۆن" ئاراستەی ژمارەیەک "کەشتیی سەربازیی ئەمریکی کران."
رۆژی شەممە، لایەنگرانی حووسییەکان لە سەنعای پایتەختی یەمەن رێپێوانێکی سەربازییان کرد و بە پێ بەسەر ئاڵای ئەمریکا، ئیسرائیل و بەریتانیادا رۆیشتن.
بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە دەریای سوور، دیسێمبەری ساڵی رابردوو، ئەمریکا هاوپەیمانیێکی نوێی راگەیاند.
هێرشی حووسیەکان کەشتییە بازرگانییەکانی ناچارکردووە خۆیان لە دەریای سوور بەدووربگرن کە رێڕەوێکی گرنگە و 12٪ی کۆی بازرگانیی جیهانی پێیدا دەڕوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ