هیومن رایتس وۆچ: هێرشەکانی تورکیا زیانی گەورەیان بە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا گەیاندووە

09-02-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ - هیومن رایتس وۆچ لە راپۆرتێکدا دەڵێت، تورکیا بە هێرشە ئاسمانییەکانی، ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رووبەڕووی "کاولکاری" کردوونەتەوە. 
 
راپۆرتەکە ئەمڕۆ هەینی، 9ـی شوباتی 2024، بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "‌هێرشی ئاسمانیی فڕۆکەی جەنگی و درۆنەکانی تورکیا بۆسەر ژێرخانی سڤیل، سەرچاوەکانی بژێویی خەڵکیان خستووەتە مەترسییەوە و کارەبا، چاودێریی پزیشکی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی دیکەیان لە خەڵک بڕیوە".
 
لە کۆتاییەکانی تشرینی یەکەمی 2023، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە  تێیدا باسی لەوە کردبوو، هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر بوونەتە هۆی پچڕانی ئاو و کارەبای ملیۆنان کەس. ئەو کات، تورکیا هێرشی کردبووە سەر وێستگەکانی ئاو، کارەبا، کێڵگە نەوتییەکان و تاکە وێستگەی وەگەڕخراوی گاز کە گازەکەی بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی تەواوی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەرهەم دەهێنا. 
 
لە کانوونی یەکەمی 2023 و کانوونی دووەمی 2024یشدا تورکیا هێرشە ئاسمانییەکانی چڕکردنەوە و دامەزراوە پزیشکییەکان و رێگاکانی هاتووچۆی بەئامانجکرد، کە ئەو رێگە و دامەزراوانە "زۆر گرنگ بوون" و لە لایەن رێکخراوە مرۆییەکانەوە بەکاردەهێنران، ئەمە وەک هیومەن رایتس وۆچ باسی دەکات. 
 
رێکخراوەکە دەشڵێت، "ئەو هێرشانەی کە زیانێکی گەورە بە خەڵکی سڤیل و شوێنە سڤیلەکان دەگەیێنن، بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان قەدەخەن؛ هەروەها بەئامانجکردنی بەمەبەستی ژێرخانی سڤیل تاوانی جەنگییە."
 
بە گوێرەی هیومن رایتس وۆچ، هێرشە ئاسمانییە دووبارەبووەوەکانی تورکیا بۆسەر ژێرخانی سڤیل زۆر لەو دامەزراوانەی وێران کردووە کە خزمەتگوزاریی سەرەکی بۆ هاووڵاتییانی ژێر دەسەڵاتی قەوارە خۆبەڕێوەبەرە زۆرینە کوردییەکە دابیندەکەن، لەوانەش "نەخۆشخانە، نانەواخانە و وێستگەکانی ئاو و بەو هۆیەوە لەکارکەوتوون. سووتەمەنی کە پێویستە بۆ چێشتلێنان و گەرمکردنەوە و کشتوکاڵ، خەریکە نامێنێت". 
 
29 کانوونی دووەم، کۆمەڵەی رێکخراوە ناحکومییەکانی  باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، کە لەو رێکخراوە مرۆییانە پێکدێت لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کاردەکەن، رایگەیاند کە یەک ملیۆن کەس لە شار و گوندەکان کارەبایان بڕاوە و زیاتر لە دوو ملیۆن کەسیش ئاویان بە شێوەیەکی سنووردار دەستدەکەوێت. 
 
رێکخراوەکە باس لەوە دەکات، ئەو زیانەی بەهۆی هێرشەکانی کانوونی یەکەمی 2023 بەر دامەزراوە پزیشکییەکانی ناوچەکە کەوت، "دابینکردنی ئۆکسجینی زیاتر لە دەیان نەخۆشخانەی تایبەت و گشتی پەکخستووە؛ هەروەها هێرشکردنە سەر زیاتر لە 28 دامەزراوەی تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی پەکخستووە، ئەوەش مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە درمەکانی بڵاوبووەوە لە رێگەی ئاوەوە زیادکردووە"
 
رێکخراوەکە هەروەها هۆشداری دەدات لەوەی "قەبارەی زیانەکان بە رادەیەکی زۆر لە سەرووی توانای کۆمەڵگەی مرۆییەوەن" و ناتوانن بەردەوام بن لە دابینکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە بۆ مانەوە لە ژیان پێویستن. 
 
بە درێژای چەند ساڵی رابردوو، تورکیا بەردەوام بووە لە هێرشی ناوبەناو بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانان، وەک خۆی بانگەشە دەکات، بە ئەمانجی ئەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بکاتە ئامانج کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، سوپای دیفاکتۆی بەڕێوەبەرایەتییەکەیە. 
 
رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، "لە کاتێکدا قەیرانەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا زیاددەبن، پێویستە هەنگاو بنرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری مرۆیی لەسەر خەڵکی سڤیل."
 
رێکخراوەکە داوا لە تورکیا دەکات "دەستبەجێ واز لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی سڤیلی گرنگ بهێنێت، رێز لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بگرێت و لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە بەرپرسیارن لە پێشێلکارییە گەورەکان."
 
"پێویستە هەموو وڵاتان هەڵوەستە لەسەر دۆخی نالەباری دانیشتووانی ناوچەکە بکەن، تەنانەت ئەگەر ململانێکانی دیکە لە مانێشێتەکاندا زاڵ بن،" ئەمە وەک رێکخراوەکە دەڵێت. 
 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە