ئیسرائیل 25 فڕۆکەی شەڕکەری ئێف-15 لە کۆمپانیای بۆوینگی ئەمریکی دەکڕێت

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، رێککەوتنێکیان لەگەڵ کۆمپانیای بۆوینگی ئەمریکی بۆ کڕینی 25 فرۆکەی شەڕکەری ئێف-15 واژۆکردووە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 7ی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بە بەهای 5.2 ملیار دۆلار رێککەوتنێکیان لەگەڵ کۆمپانیای بۆوینگ بۆ کڕینی 25 فرۆکەکە واژۆ کردووە. دەشڵێت، ئەمە بەشێکە لەو هاوکارییە سەربازییەی ئابی ئەم ساڵ ئیدارەی بایدن بۆ وڵاتەکەیانی پەسند کرد. 
 
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ئاماژە بەوەش دەکات، بەم نزیکانە یەکەم فرۆکەی وەشانە نوێیەکەی ئێف-15یان بەدەست دەگات، ساڵانەش چوار تاوەکو شەش فرۆکەیان پێدەگات. جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئەم فرۆکانە هاوکاری وڵاتەکەیان دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی "ئەو ئاستەنگیانەی ئێستا و لە داهاتوودا" رووبەڕووی وڵاتەکەی دەبنەوە. 
 
لەو بارەیەوە ئیال زامیر، بەڕێوبەری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بەدەستگەیشتنی ئەم فڕۆکە ئێف-15ـانە لەگەڵ سێ فڕۆکەی دیکەی ئێف-35 (پێشتر ئیسرائیل لە ئەمریکای کڕیبوون) بەرەوپێشچوونێکی گەورە لە هێزی ئاسمانی و توانا ستراتیژییەکانی ئیسرائیل لەم جەنگەدا دروستدەکات." دەشڵێت، لە سەرەتای جەنگی غەززەوە بە بەهای زیاتر لە 40 ملیار دۆلار رێککەوتنیان بۆ کڕینی چەک لەگەڵ وڵاتاندا کردووە. 
 
ئیسرائیل لە دوو بەرەوە لە جەنگی راستەوخۆ دایە. یەکێکیان لەگەڵ حەماس لە کەرتی غەززە و ئەوەی دیکەش لەگەڵ حیزبوڵڵا لە لوبنان. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە