بەهۆی جەنگەوە لە لوبنان 17 کورد کوژراون

08-11-2024
جیهاد مستەفا
دۆخی ئاوارەکان لە لوبنان و کۆکردنەوەی هاوکاری بۆیان. وێنە: رووداو
دۆخی ئاوارەکان لە لوبنان و کۆکردنەوەی هاوکاری بۆیان. وێنە: رووداو
نیشانەکردن رووداو لە لوبنان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

شەڕ لە لوبنان بەردەوامە، لەگەڵیشیدا دۆخی کورد بەتایبەت پەنابەرانی رۆژئاوا سەخت بووە، ئەوان رووبەڕووی نەهامەتی و دەردەسەری بوونەتەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە زۆربەیان لە باشووری لوبنان نیشتەجێکراون کە شەڕ و بۆردوومانی بەردەوامی تێدایە. 
 
دوای بەدواداچوونی رووداو و قسەکردن لەگەڵ چەند کۆمەڵەیەکی کوردی لە لوبنان، دەڵێن ژمارەی کورد لە نێوان 100 بۆ 200 هەزار کەس دەبێ. ئەوان زیاتر لە باکووری لوبنان نیشتەجێن، رێژەیان بە کۆی گشتی دەگاتە نزیکەی 4٪. 
 
بەهۆی نەبوونی سەرژمێری لەو وڵاتە بە دروستی نازانرێت ژمارەکە چەندە، بەڵام بەپێی هەندێک لێکۆڵینە لە لوبنانەوە، ژمارەی کورد لەم چەند ساڵەی رابردوو دا جێگیر بووە لە ئاستی تێکڕای دانیشتووانی وڵاتەکە، هاوکات ئەوان بە تەواوی تێکەڵی کۆمەڵگە بوون و پلە و پۆستیشیان هەیە.
 

بەرنامەیەکی تایبەت لەبارەی دۆخی کورد لە لوبنان ببینن

'لەوەتەی شەڕ و بۆردوومان لە لوبنان هەیە 17 کورد کوژراون' 
 
کوردانی رۆژئاوای کوردستان بەهۆی بەردەوامیی شەڕ لە لوبنان دووچاری دۆخێکی سەخت بوونەتەوە، سەختی دۆخەکە لە چیرۆکی دووجار دەربەدەری و پەنابەری دەبینرێت، جاری یەکەم لە رۆژئاوا و سووریا بەرەو لوبنان، جاری دووەمیش هەڵاتن بوو لە ناوچەکانی شەڕ و گەڕانەوە بۆ سووریا. بەپێی بەدواداچوونی رووداو، ژمارەیەک کورد لە سووریا ماونەتەوە و ناتوانن لەو وڵاتە بچنە دەرەوە. 
 
بەگوتەی مستەفا شێخۆ، چالاکڤانی کورد لە باشووری لوبنان بە رووداوی راگەیاند: "بەشێک لە کوردانی رۆژئاوا لە ساڵی 2013  لە لوبنان پەنابەربوون و بەشێکی دیکەش لە ساڵی 2018 کاتێک عەفرین و سەرێکانی گیرا، ئێستاش بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان پەنابەرانی کورد لە لوبنان جارێکی دیکە جێ و رێیان تێکچوو، ئەوان لە باشووری لوبنان لەدوای رۆژانی کۆتایی ئەیلوولی ئەم ساڵ بەرەو ناوچەکانی تەرابلوس، بەیرووت، شتورا و زەحلە رۆیشتوون، ئەو ناوچانە شوێنی کریستیان، دروزی و سوننەکانە، بەڵام کێشەکانیان تەنیا بە ئاوارەبوون کوتایی نەهات، چونکە لە سەرەتای شەڕەوە تاوەکو ئێستا 17 کورد کوژراون.
 
ژمارەی کوردانی رۆژئاوا کە لە لوبنان دەژین کەم نین، مستەفا شێخۆ بە رووداوی گوت، بە نزیکەیی 225 هەزار کورد لە لوبنان دەژین زۆربەی زۆریان خەڵکی عەفرینن. ئەو دەڵێ: "بەشی هەرە زۆری کورد لە ناوچەکانیان خەریکی کشتوکاڵن، بە تایبەتیش کارکردن لەنێو خانووە پلاستیکییەکاندا، بەڵام کێشەی سەرەکییان ئەوەیە بە نرخێکی زۆر هەرزان کار دەکەن، ئێستا ئەو کارەشیان لەدەستداوە."
 
'من و منداڵەکانم بە بێ جێ و رێین'
 
کوردێکی عەفرین کە لە 2014وە پەنابەرە لە لوبنان، ئێستا بەهۆی بۆردوومانەکانەوە بێ شوێن ماوەتەوە. کامیران کەمال باوکی چوار منداڵە، بە رووداوی گوت: "دۆخی من و هەموو کوردی رۆژئاوا دۆخێکی سەخت و ناخۆشە. بەشێکمان لە ژێر پرد و لە شوێنە گشتییەکان دەخەوین." 
 
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەشکرد، نە خوێندنگە و نە شوێنە ئایینییەکان قبووڵیان ناکەن بۆ ئەوەی لە شوێنێکی ئارام بمێنینەوە، "ماوەیەکە من و منداڵەکانم کە پێنج کەسین لەسەر دوو ئیسفەنج لە دەرەوە دەخەوین." 
 
بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان، زیاتر لە 1.3 ملیۆن لوبنانی ئاوارە بوون کە بەشێکیان روویان لە عێراق کردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە